فرهنگ و هنر

بیرەوەری هاتنی حەسەن زیرەک بۆ بانە

گێڕەرەوە:حامید بەگی سەرحەدی
نووسینەوەی :کەریم ڕەحمانی

باقڵ بەهاری ٤۷ بوو.
بەهارێکی درەنگ بوو. ئاشێکی ماتۆڕیمان لە سەر جادەی مەریوان لە سێ کیلۆمیتری بانە لە بەشی گوندی چیچوران دامەزراند بوو خەریکی کار و باری ئاش بووم.
وەستای ئاش بووم بانگییان کردم حامیدبەگ وەرە کابرایەک کاری پێتە.بە دەوروبەری ئاشەکەشەوە دووکان و قاوەخانەمان ساز کردبوو. ئەگەر هاتم کابرایەکی شڕۆڵەی مێزەرێکی داتەپیوی ڕەشی بە سەرەوە بوو .
کوتیان لە سواڵکەر دەچێ. سەکۆیەکمان لە پەنا ئاش و قاوەخانەکە دروست کردبوو خەڵکی زۆر لێبوو وتیان ئەو کابرایە کاری بە تۆیە. هاتم لە نزیکی دانیشتم.
قاوەخانەکەمان بە دەست کابرایەکەوە بوو ڕەشەی کۆخەیان پێ ئەوت. وتیان دوو چای خواردۆتەوە. وتم هێلکە و هێڕەڵماسیشی بۆ بێنن گوناحە.
دوایە قاوەچی داوای پووڵی کرد من نەمهێشت.
وتم لەسەر منی حیساب کە. وتم کاکە من ئەچم بە لای ئاشەکەوە تۆ کارت چییە؟
سرتاندی بە گوێمدا وتی من حەسەن زیرەکم (خەڵکی زۆر لێبوو) سەرێکی ئاشەکەم دا و هاتمەوە بۆ لای و وتم چۆن بزانم تۆ حەسەن زیرەکی؟
کیسەیەکی چڵکنیشی پێبوو دایرەیەکی تیا بوو کیسەکەم بە دزی خەڵکەوە برد لە بن دەوەنێ لە پشت ئاشەکەوە شاردەوە.
وتی گۆرانیەک دەڵێم بەوەدا دەزانی من حەسەن زیرەکم.
من هەر ناوی حەسەن زیرەکم بیستبوو ڕادوێشمان نەبوو هەتا گوێم لە دەنگی حەسەن زیرەک لە ڕادوێ بەغداوە ببێ تەنیا کابرایەک لە چیچۆران ڕادوێی بوو جارێک لەو ڕادوێیەوە گوێم لە دەنگی زیرەکەوە ببوو.
چووینە بن دەوەنەکە. وتی چ گۆرانییەکت بۆ بڵێم وتم کەیفی خۆتە. کراس زەردێیەکی بۆ وتم دەنگی زۆر خۆش بوو باوەڕم پێکرد کە حەسەن زیرەکە.
وتم تۆ چی و ئێرە چی؟
وتی لێم قەوماوە.وتی لە بەغدا لەزیندانی ئەبوغرێب حەپس بووم نانیان بۆ زیندانی هێنا گۆرانییەکم وت ژنێ کە جومعانە چێشتی بۆ زیندانی دەهێنا وتی ئەوە کێیە دەنگی ئەونە خۆشە.
ئەو ژنە هەر جارەی شووشەیەکی چکۆڵەی مەشڕووب بۆ دێنام لە ناو سەتڵێکی دادەنا و شیری لە سەتڵەکە دەکرد و شیرەکەی هەوێن دەکرد، کێشکچییەکان وایان دەزانی ماستە.
لە زیندان شووشەی خۆمم لێ دەردێنا و ماستەکەم دەدا بە هاوبەندییەکانم.
ژنە کوتبووی هەر وەختێ مەرەخەس بوو بێ یارمەتی ئەدەم. مانگی پێنەچوو مەرەخەسیان کردم.
چووم بۆ لای دینارێکی ئەو دەمی دامێ. هاتمە کرماشان. ئیدی لە ڕێگایە کاریان پێم نەبوو چونکێ لە ئێراق زیندانیم کێشابوو.
ئازاد ببووم. ئیزگای ڕادوێ کرماشان تازە دانرابوو چوار، پێنج گۆرانییان پێکوتم ،چونکێ فەقیر بووم ئیستفادەیان لێکردم و هیچ پووڵیان پێنەدام.
هاتمە بۆکان ، لە بۆکان نەخۆش کەوتم مینەی برام خۆشی نەدەویستم ، خەڵکی بۆکانیش هەروەها. دەیانکوت با بمرێ ئەو توڵەبابە عارەق خۆرە.
ئیدی لە بۆکان چارم نەبوو هەستام هاتمە بانە.
چاوگی (کانی) مەڵاحمەد ئی ئەو ئاغایانەی دەمامەیە دەچم ئیجازەیان لێ دەگرم قاوەخانەیەکی لێ دەکەمەوە.
وتم خۆت مەچۆ. من لەگەڵیان تێکەڵم من پێیان ئەڵێم. پێم وتن.وتیان جا حامید بەگ ڕازی بێ بۆ خۆی ماڵ و کەپری لێ بکاتەوە.بۆ ڕۆژی دوایدا وتی کەپر و قاوەخانە بە چی دروست کەم؟ خۆ من دارم نییە.
چناری زۆرمان بوو بۆم بڕی. ئاشیرەکان دەهاتنە ئاشی هەتا دوو،سێ ڕۆژ ئاشیان بەر نەدەکەوت بەوانە لە هەر وڵاخێ دوانزە،چواردە داری باریکم بۆ بار دەکرد و بۆم دەنارد.
کەپر و قاوەخانەی ساز کرد. ئەو وەخت لە بانە تەنیا دوازدە کەسێ مەشڕووبیان دەخواردەوە.
ئابجۆ و عەڕەق و مریشک و پستە و ئەوانەی بوو. خێزانیشی(ڕابە) دەهات مریشکی بۆ چا دەکرد و یاریدەی ئەدا.
ماڵەکەی لە دێی دەمامە بوو کە لە کەپر و قاوەخانەکە نزیک بوو. ئیتر کار و باری بەڕێوە دەچوو .
ڕۆژێ چووم هەواڵم پرسی. وتی دڵم خۆش نییە، وەڕەزم. خێزانم بۆ ئێرە نابێ و بە کەڵکی ئێرە نایە.
وتی ئێواران کە تاریک دادێ دڵخۆشیم بەو کونگەیە(کوند، بایەقوش) دێتە سەر ئەو بەردە ها ئەوندەی جیقنە پێدا کردووە سپی هەڵگەڕاوە.
دێتە ئەوێ بەرانبەری من دەخوێنێ، دەزانێ غەریبم منیش دەست دەدەمە دایرەکەم بۆی لێدەدەم و بۆی دەستێنمەوە.
دەزانێ کۆڵەوارم دوایە دێ ئەو ڕیخۆڵەی مریشک و شتە دەخوات.
لەوانەیە بڕۆم.
ئێرە بۆ من نابێ بە تەنیا قاوەخانەم بۆ هەڵناسووڕێ و ئێرەش بۆ ئافرەت نابێ .
بە کەڵک نایە خۆت ئاقڵی دەزانی دەڵێم چی.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا