تصویریجامعهفرهنگ و هنر

کوڕی ڕێزلێنان لەهونەرمەندانی بواری مۆسیقای بۆکان بەڕێوە چوو

شەوی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ١۴٠٣ بەبەشداریی هونەرمەندان و هونەردۆستان، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ١١ هونەرمەندی بواری مۆسیقا لە هۆڵی ئیدارەی ئیرشادی شاری بۆکان بەڕێوە چوو.


ئەم هونەرمەندانەی کە ڕێزیان لێ گیرا بریتی بوون لە مامۆستایان؛ حەسەن زیرەک، عەلی کەردار، عەلی خەندان، قالەمەڕە، عەبە چکۆڵ، عەبە دەڕژێ، سوڵتان محەممەدی، حەمە جان، سماییل‌ئاغا چەوگالی، حەمە ئامان و براییم فەتاحی.

ڕێوڕەسمەکە بە گوتارێک لە لایان خەشایار سەنعەتی، فەرماندار و قەسیم عوسمانی، بەربژێرێ خەڵکی بۆکان لە پارلەمان دەستێ پێ کرد.

سەنعەتی گوتی: شاری بۆکان مەکۆی هونەرمەندان و شاعیران و چالاکانی بواری مۆسیقایە و دەبێ ئاوڕێکی جددی لە بۆنەکانی فەرهەنگی و هونەری لەو شارە بدرێتەوە. هەروەها پێویستە شوێنێک وەک گڵکۆی ناوداران بۆ بە خاکسپاردنی هونەرمەندان لەم شارەدا دەستنیشان بکرێت.

قەسیم عوسمانی، بەربژێری خولی دوازدەیەمی پەرلەمان لەو ڕێوڕەسمەدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ١٢ ساڵ نوێنەرایەتیی من کەمترین ئاوڕ لە بەشی فەرهەنگی و هونەری دراوەتەوە ئەمجارە وەک نوێنەر قەرەبووی ئەم کەمکاریانە دەکرێتەوە و بۆ گەشەی بواری فەرهەنگ و هونەری بۆکان هەنگاوێکی دروست هەڵدێنمەوە.

دواتر بە دیکۆمێنتارێک لە ژیانی ناوبراوان، لە دەرهێنەریی بێهرووز ئەسراری، فیلمسازی خەڵکی شاری بۆکان، درێژەی پێ درا.

هەروەها دوو گرووپی هونەری، چەند کاری مۆسیقاییان پێشکەش کرد. جەلال داودی هونەرمەندی خەڵکی شاری سنە و ڕابەر کوردستانی گۆرانیبێژانی ئەم گرووپانە بوون.

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، قادر ئازمەند لە بەڕێوەبەرانی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی بواری مۆسیقای بۆکان گوتی: مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی ناوچەی موکریان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەی مۆسیقای کوردیدا هەبووە. پێویستە نێوی شەقام و کۆڵەکانی بۆکان بەنێو کەسانێک وەک مامۆستا حەسەن زیرەک بکرێ کە خزمەتیان بە هونەری کوردی کردووه. هەروەها جێگای خاڵیی خەڵاتی ساڵانەی مامۆستا حەسەن زیرەک دەبیندرێ.

ئازمەند هەروەها ڕایگەیاند: داوا لە تەواوی تێکۆشەران بە فکر و بیری جیاواز دەکرێت کە بۆ گەشە و نەشەرەی فەرهەنگی شاری بۆکان و ناوچە حەول بدەن.

ئەم ڕێوڕەسمە بە دانی خەڵات بە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندانە کۆتایی پێ هات.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا