ئایکە بێبەقایە!
عەبدوڵڵا ئیسفەندیاری (بێزار)
ساڵی ساڵان دەرو جیران و هاوسا و هاوماڵ هەموو زۆرمان هاتوچۆی یەکتر دەکرد و هەواڵمان لە دەرد و مەرگی یەکتر هەبوو.
شەو و شەونشینی و هەڵوێستان و ڕاوەستان پێکەوە و قسەی خۆش و جەفەنگ و پێکەنینو ئەوانە هەمووی وایان کردبوو کە بە بێشک و دڵەڕاوکێ، پرێسکەی دڵمان لە لای یەکتر دەکردەوە و دەردەڵەکانمان لە لای یەک و بۆ یەکتر هەڵدەڕشت.
خودا خودامان بوو جێژنی ڕەمەزان و قوربان یا بۆنەیک بێ و هەموو گەورەی ماڵێ بە دوای یەکدا جەللەمان دەبەست و سەرمان لە هەموو ماڵان دەدا و جێژنەپیرۆزەمان دەکردو گەردن ئازادیمان لێک دەخواست.
ئەوە داب و نەرینێکی نەتەوایەتی و ئایینی و کۆمەڵایەتی بوو کە ئەو گەلی کوردە هەر لە کۆنەوە گۆچی پێگرتبوو.
ئەو لێکنیزیکییە، یەکیەتی و برایەتی و لەگەڵ یەک بوونی لە قاو دەدا. بەڵام داخەکەم لەو دواییانەدا وامان لێهات کە ئەوانەمان هیچ کە نەماوە تەنانەت لە ڕێبازانیش ئەگەر خودابکاو مۆڕە لێکتر نەکەین، بە حاڵەحاڵ سڵاو لێکتر دەکەین.
پێم وایە بۆیەمان وا لێهات ویستمان بە خەیاڵ لاسای گەلان و وڵاتانی بە وتە پێشکەوتوو بکەینەوە و ئوروپایانە بژین. یانی کەسمان لە کەس بێ و هیچکەس کاری بە کەس نەبێ. واتە جیران و هاوماڵ لە چوارچێوەی ماڵەکەی خۆیدا تێرە، برسییە، ساغە، نەخۆشە، ماوە، مردووە، گرفتی هەیە یا نییە، هیچ پێوەندێکی بە ئێمەوە نییە. سەری وەبن لەشی بکەوێ کەس هەڵی نەستێنێتەوە.
چونکە دەڵێن لەو وڵاتە پێشکەوتووانە، کابرا سەری گا بە هینی ماکەردا بکات، کەس ئاوڕی لێناداتەوە و ئازادە هەرچۆنی دەژی با بۆخۆی بژی و مەرگیشی هەر وا.
تەنانەت لەو بابەتەوە دەیانگێڕاوە و دەیانگوت، کابرایەکی ڕەبەن کە تاق و تەنیا دەژیا دەمێک بوو لە ماڵەکەی خۆیدا مرد بوو. بۆنی ئەو گەڕەکەی هەڵگرتبوو.
یەکێک تەلێفوونی بۆ شارداری کردووە کە بۆنێکی زۆر نائاسای ئەو گەڕەکەی داگرتووەو جەماوەرەکەی وەڕەز کردووە.
شارداری کە هاتووه، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کابرایە لەوانەیە چل پەنجا ڕۆژ لەوەی پێش مردووە و بۆنی گرتووە. ماڵی شارداری ئاوەدان بێ، هیممەتی نواندووە و بردوویانە ژێر گڵیان کردوووە و ئەو جەماوەر ئازاد و یەکگرتوو و تێر و تەسەل و بە ڕوحمەیان لە چنگ بۆگەنی هاوچەشن و هاوماڵەکەی خۆیان ڕزگار کردووە.!!!!!
منیش دەمەوێ ئەوەتان عەرزبکەم کە لەو چەند ساڵەی دواییدا لە نێو ئێمەشدا ئەوجۆرە هەڵسوکەوتە لەبرەو دابوو. دەیجا وەک دەڵێن ماڵ بۆخۆی نەبوو، میوانیش ڕووی تێکرد هێندەی دیکە کاول بوو. یانی لەو ئاخریانەدا هاتوچۆ و ڕوحم و بەزەیی و یەکێتی و برایەتی کە زۆر لە کزی و کڵۆڵی و پێچەوانەکی لە قەڵەوی بوو، فەتای بێبەقای ماڵ وێرانکەری کڕۆناش ڕووی تێکردین و هێندە هێندەی دیکەی لێک دوور خستینەوە.
زۆر ڕۆژان لە کۆڵانەکەوە تێدەپەڕیم و چاوم بە قەڵا و باڵەخانەیەکی دووقوڕنە و پێنج قات دەکەوت کە هەموو دیوی دەرەوەی بەردی مەڕمەڕی لێدرا بوو. بەردەکەش وەک شووشەی پەنجەرەکان هەر بریقەی دەهات و وەک ئاوێنە پیاو تەماعی ڕەبەر دەنیشت کە شانەکەی دەرێنێ و سەر و کاکۆڵی لەبەر دابێنێ. یاڕەببی خودا بە خاوەنی ڕەوا ببینێ و لێی تێک نەدات.
ئەوەی کە سەرنجی منی زۆر بۆلای خۆی ڕادەکێشا دوو خەڵفە داری کاج بوون کە هەریەکەی لە گۆشەی ئەوسەرەوسەری دیوارەکە لە گوڵدانێکی دروۆستکراو بە بەردی مەڕمەڕ چەقا بوون. لە سەوزی و شینیدا ورشەیان لێوە دەهات. بە تایبەت شەوانە کە دارو دیوار و دەرو ژوور چراخان و گوڵۆپک بوو، لەسەر هەر کاجێک گوڵۆپکێکی سەوز هەڵدەبوو کە هێندەی دڵ حەز بکا دیمەنەکەی سەوز و دڵگتر کرد بوو.
کە کڕۆنا سەری وەسوێیە نا و ملی لە مرۆڤکوژی نا، زۆربەی خەڵک لە ترسان مریشک ئاسا لە ژوورێ کورک کەوتن. مەگەر ناعیلاجی دەنا کەم کەس ڕۆژانە لە ماڵ وەدەر دەکەوتن. دوا ماوەیەک ڕۆژێک بە دوو بەردەماغەوە بۆ کەلوپەل کڕین بەرەو بازاڕ ملی ڕێم گرت. بە پەنا ساختومانە گۆریندا ڕۆیشتم. کە دیتم چ ببینم!!! یاخۆ ماڵی کافری دوجەیلیش ئاوای لێبەسەر نەیە.
کاج سیس و پیس و زەرد و زەعیف هەڵگەڕا بوون. دیار بوو خەریک بوو لە سوێ چۆڕێک ئاو، ڕەگ و ڕیشەیان ویشک و هەڵپڕووکێ.
گوڵۆپک کووژا بوونەوە. بەردی قاڵدرمەکانی بەردەرگا و دیوار دەبوو بە پووت خاکو خۆڵو تەپوو تۆزیان لێبماڵییەوە. پەنجەرە پەردەیان دادرابۆوە و هەموو لە چڵک و تۆزدا خەریکە گەڕۆڵ بن.
درۆ ناکەم تاوێکی باش ڕاوەستام و تێڕامام. هەڵبەت ئەو گۆڕانکارییە ئەو وێستان و هەڵوێستەی پێگرتم، دەنا خودا ئاگای لێیە چاوم لە ماڵ و قەڵا و باڵەخانەی کەس نەبووەو بەخیلی و ئێرەییم بە ماڵ و حاڵی هیچکەس نەبردووە. هەر بۆیەش نەمدەزانی ماڵی کێیە و چکارە بووە و چی کردووە و چی لێبەسەر هاتووە. دڵم بەرایی نەدا لەوەزیاتر ئاوا بە کەساسی و بێکەسی و پڕ کەمایەسی بینینم. بەجێم هێشت و ڕۆیشتم.
مامئەحمەد کە لە ئەسڵدا خەڵکی ناوچەی موکریان نەبوو، بەڵام لە شەڕ و شووڕ و هەڵاتهەڵاتی شەستەکاندا پەرتەوازەی ئەودیوەی ببوو، دیتم لە سەرینگایی کۆڵانەکە لەسەر چوارپێچکە چکۆڵەکەی خۆی دانیشتووە و جغارەکەی لە نێو قامکان و ئەژنۆی لە ئامێز گرتووە. هەر جارناجارێکی مژ لە جغارەکەی دەدا و لە چڕەدووکەڵدا ون دەبێو دەڵێی گیشەگیایە ئاوری گرتووە.
دوای سڵاو و چاک و چۆنی، لە پەنای هەڵترووشکام و گوتم:
ئەرێ مام ئەحمەد، نەبێتە عەیب ئەوە ئەو ساختومانەی جیرانتان ئیکێێە و بۆ ئاوا لە خۆڵو خەم و خەفەتدا نوقمە؟ خۆ جاران وا نەبوو!!!
مامئەحمەدیش بە دم هەناسەیەکی قووڵەوە مژێکی توندی لە سیگارەکەی دا و باقەیەک دووکەڵ دوای ئەوەی کە دەست و مشتاغێکیان لەگەڵ دەروونی مامئەحمەد کرد، بە قۆڵەکورەی لێوی لوولی مامئەحمەدا هاتنەوە دەرێ و بە دم بایەکەوە لە بۆشایی کەشەکەدا بوونە تارمایی و بڵاوەیان کرد. پاشان وردە کۆخە و نیخەیەکی لێوەهات و بە دەنگێکی گڕ گوتی:
ئای کاککە،!! دەڵێن لە بێخەبەران کەشکەک سڵاوات، وادیارە لە گوێی گای دا خەوتووی و بێهەواڵی. چۆن تۆ نەتزانیوە کە ئەوە ماڵی حاجیە و حاجیش دوومانگ لەوەی پێش گیرۆدەی فەتای کڕۆنا هات و لە ماوەی حەوتوویەکیدا وەک قەند تواوە و تەواو بوو. مرد و قەزا و بەڵای تۆی برد و عومری درێژ و سامانێکی لەڕاددە بەدەری بۆ ماڵ و منداڵی بەجێ هێشت. !!!!!!
منیش گوتم، یاڕەببی خودا عەفووی کات. کوڕە باوەڕم پێبکە نەزانیومە ماڵی کێیە و نە مەرگی خاوەنەکەشیم زانیوە. زۆر گۆڕاو و دیمەنێکی خەماوی بەخۆوە گرتبوو هەر بۆیە پرسیم.
بێئەوەی ئەمن چیدی بڵێم، مامئەحمەد سەرە پۆلووی جگەرەکەی لە عەرزەکە وەژاند و کوژاندییەوە و گوتی:
کاکیبرا، حاجی کارمەندی ئیدارە و مووچەخۆری دەوڵەت بوو. هێندە دەوڵەمەند بوو بە حیساب و کیتابی خۆی نەدەزانی. پێنج قەڵاوباڵەخانەی ئاوا پێنج قاتی هەبوو. چواریان هەریەکەو هەشت کرێ نشینی تێدا بوو. ئەوەشیان بۆخۆی دوو قاتی ئاوەدان کرد بۆوەو ئەوانی دیشی چۆڵ بوون. پێنوایە ئەمە لە چاومان برد. چونکە هەموو جارێ دەمانگوت:
حاجی خوا پێیڕەوا ببینێ مانگێ بە لانی کەمەوە سەد میلوێنان کرێ خانوو وەردەگرێت.
بەڵام بە دەست کرێنشینانەوە پەند و مەخسەرە بوو. یەک خانووی بۆ چۆڵ نەدەکرد. یەک کرێی نەدەدایە. یەک پووڵی ئاو و گاز و برقانی تێنەدەکرد. ئەگەر ئاوا بە مەخسەرانم دەدیت، خۆزگەم بەخۆم دەخواست کە چ شتی وام نییە و فەقیریش دەستانم ماچ دەکاتو لەو شەڕ و هەڵڵا و گیرە و کێشانە بە دوورم.
ئەو دەمەی کە حاجی بەستەزمانە لە نەخۆشخانەی بوو، ڕۆژێکی لووت و بزووت لە کوڕەکەی هەڵەنگوتم و ئەحواڵپرسی بابیم کرد. ئەویش گوتی وڵاهی دوختۆر دەرزیانی بۆ نووسیوە، بەڵام دەئی گران. دانکی داوای دوو میلوێنان دەکەن. ئەمەش ئەوە هێشتا بۆن نەکڕیوە، دەڵێین بەڵکو بۆخۆی چا وەبێ.
منیش گوتم کوڕی بابی، پیسکە مەبن تا زووە بۆی بکڕن بەشکم ئەو چەلەش کفنی بدڕێو چاک وەبێ، نەوەکوو لە پڕدایەکی ئاخرین هەنیسکان بدا و بەجێتان بێڵێ.!!!!!
کوڕی باش، ئەمن دونیام زۆر قوونەکەو کردووە و زۆر شتیم دیتووە. وام لێحاڵی بووە کە بەشەر ئەگەر تێبگات، لە هەر تەمەنێکدا بابی بمرێ هێشتا سەغیر و هەتیوە. تەقەلای بۆ بدەن بەشکم لە چنگ مەڕگ ڕزگاری بێو سایەی بابی و لەسەر کەم نەبێت.
بە خوڵای لام وایە گوێی ئەویلایەی منی لەکەڕی دا و بۆیان نەکڕی.
ئاخر وەباڵ بەستۆی گوتوان، خودا بە غەیبەت و بوختانی بۆ من حەسێب نەکات، دەیانگوت، نەماندیتووە حاجی تمەنە زکاتێکی بدات یان خێر و خێراتێکی بکات.
وەڵاهی هێندە سەرقاڵی ماڵی دونیایەش بوو، پێم وایە قەت غەنیمی دوو ڕکاتە نوێژێکی نەبوو. لام وایە ئەو حەجەش دەوڵەت بە زۆر پێی کردبوو.
هەر چۆنێک بووبێ کەیفی خۆیەتی. کێ دەچێ لە گۆڕی کێوە. ئەوە ئەو ڕۆیشت و غەیری توربێنی عەمەلان، چی بە کۆڵە خۆیدا نەدا و نەبرد. ئەو میرەماڵە هەزار بەهەزارەی بەجێ هێشت. بەڵام بە خوڵای پێموایە چونکە بە کڕۆنای مردبوو دووگەزە جاوەکەشی بە نسیب نەبوو. کفنیان نەکرد بوو. بەڵکو هەر بە تورەکە ڕەشی بیمارەستانەوە ژێرگڵیان کردبوو. خوڵا لە گوناحانی خۆش بێ و لەگەڵ نووری خودای وەخەبەر بێ.
جا دەڵێ قسە قسەی لێدەکەونەوە. با قسەت بۆ بکەم و بۆت وەگێڕم.
ئاخر حاجی تەمەنی زۆر نەبوون. پێم وایە پاڵی بە دوجار سییەوە نەدا بوو. چونکە هەر دەچووە ئیدارەی و هێشتا خانەنشین نەببوو.
گەلێک جاران تووشی من دەهات و دەیگوت: مامئەحمەد هەموو شت زۆرزۆر گران بوون. ڕەنگە ئەو بایە لەو کونەوە بێت، قات و قڕی بژێتەوە. ئەوێ دەمێ لێن بقەڵمێ و لەبرسان بمرین. بەسنییە مامئەحمەد تۆ بەو تەمەنە و بە ڕیشی سپییەوە دەچییە بژاران و دەسکەنە و ئەوانە. ڕۆژانە شتێکی بۆخۆت و ماڵ و منداڵت دەهینیتەوە و لە حەواجێکی خۆتی دەدەی. بەخوڵای ئەمە تووشی ڕۆژێکی ئاوا ڕەش بێین ئەوەشمان پێناکرێ.
منیش زۆرجاران دەمگوت، مەلایەکی مەنیقەی مە لە مەڕ کاسبکاران و هەژارانەوە ئەو شیعرەی دەخوێندەوە و دەیگوت:
فەخرە بۆمن کە هەژارم، بە ڕەنجی شانی خۆم دەژیم
چاوەڕوانی دەرگای خودام، کاسە لێسی هیچ کەسێ نیم.
ئیدی بە ڕەحمەت بێ ئەگەر ئاوهام دەگوت، سەری دەبنەخۆ دەنا و متەقانی نەدەکرد.
ئەزقەزای ڕەببانی حەوتوویەک پێش نەخۆش کەوتنی ڕۆژێک تووشی من هات و گوتی: مامئەحمەد چلۆنی؟ وا دیارە بەینێکە هەر بێکاری؟
منیش عەرزم کرد ئەرێ بەخوڵای حاجیگیان بێئیشم و کرێخانووی سێمانگانیشم لە سەر یەک کەڵەکە بووە و بۆن نەدراوە. هەر بینا خاوەن خانوو سیپاڵانی بۆ خستمە پشت دەرکێ. پێشینەش دەڵێن بەڕە هەر لە لای تەنکییەوە دەدڕێ. منیش پیرێژنێم نەخۆشە و حەکیم و دەوا و دەرمانیش قابلوغە ڕەشیان هەڵتەکاندووە و تمەن و پەناباتان بەخۆوە شک نابات. خەرجیش بەو گرانییەی و ئاوها بێکار و بێباریش.
سەرباری هەموو دەردانیشم کەڵەگای گەورەیە.
حاجی گوتی: کوڕە مامئەحمەد!! کەڵەگای گەورە چییە؟!!!
گوتم ئەدی چلۆن! بەو هەمووە گرفتانەوە خەرجی سیغار و تووتن و پەڕەکێم لەوێ ڕاوەستێ !! هەر دەشبێتە دوکەڵ و دەڕوا بە حەوایدا.
ئەگەر ئەمن ئەوهەم گوت، حاجیش قاقایەکی کێشا و بە پێکەنینەوە گوتی:
مام ئەحمەد خەمێ مەخۆ، ئەوە قەرارە قوڕەکارێ بکەم و قەڵا و باڵەخانەیەکی هەژنۆدە قات سازکەم. ئەودەم پێت دەڵێم و دەبێ بێی چەند مانگان شەو و ڕۆژ نیگابانییە ئەو قوڕەکارییەم بۆ بدەی. نۆکەری پێڵاوانیشت دەکەم و کرێیەشت لەسەر سەر و لەسەر چاوانم دادەنێم.
بە سەری توو، وەک دەڵێ تەقدیر تەگبیرانی بەتاڵ کردەوە. کڕۆنا حاجی لەگەڵە خۆی بردو منیش ئەوە هەروا بێئیش ماومەوە و مژان لە جغارەکێم دەدەم و بە نەختۆکێک دووکەڵی تفت و تاڵ قنیات دەکەم. بەخوڵای ئەویش لەو ئەوکێم بەولاوە ناڕوات.
بەڵام قسەکە لە نێوان خۆماندا بێ، ئەو بیر و بیرۆکەی دوای مەرگی حاجی شەو ڕۆژ جەرگ و دڵانی کۆڵیوم و پێوەی هەراسانم ئەوەیە کە، تۆخوڵاکەی حاجی چلۆن و کوێڕا ئاوها دەست و بزووت دەستی لە دڵی بۆووە و چاوی تەماعی لەسەر ئەو هەمووە پووڵ و ماڵ و خانووە چەند قاتانە هەڵبڕین و پەلانی جووت و سەری بۆ مەرگ نەوی کرد. چۆنی دڵ هات ئەو هەمووە سەروەت و ماڵە بەجێ بێڵێ؟ بەڵام نا، مەرگ کەسی دەروەست نایە و هەر بە یەک چاوان دەڕوانێتە دارا و نەداری و وەک یەک تێیان ڕۆدێ و لە گڵێیان ڕۆ دەکات. پەکوووووو!! ئایییییییی کە دونیاکە بێ بەقایە.!!!!!!
منیش بە وتەکانی مامئەحمەد چووبووم لە بیرەوە و لەپڕدا وەخۆ هاتمەوە و گوتم:
کوڕە مامئەحمەد دەبێ هەموومان ئەوە بزانین کە ئێمەی مرۆڤ هەوەڵ پشوو و هەوڵهەنگاومان یانی کەوتنە ڕێ بەرەو مەرەگ.
مەتەڵۆکەی کات و مەودا و ماوەی ژیان و مەرگیش وەک هەڵگەڕان بە لوتکە و شاخێکی ڕژد و بەرز وایە کە دوایە لێی بەربییەوە و لەناو بچی. یانی پێهەگەڕانەکەی کات و ماوێکی دوور و درێژی دەوێ، بەڵام بەربوونەوە و لەناوچوون ناگاتە خولەکێک و لە چەند چرکەیەکی زیاتر تێپەڕ نابێ.!!!!
دەی خۆ ئێمەی مرۆڤ بە خۆشی خۆمان لاقان لەگەڵ مەرگ ڕاناکێشین. تووش دێین و هیچ دەسەڵاتێکیشمان نییە. هەڵبەت ئەوە چارەنووسی ئێمەی مرۆڤ و هەموو زی ڕوحێکییە. بێدەسەڵات هێناویانین و هەر بەو چەشنەش بێپرس دەمانبەنەوە. بەڵام ئێمە کە لە هەمبەر مەرگدا گێژ و وێژین و جێگەی ڕژد و لێژین، دەبێ وشیار بین و بزانین چی دەوێژین، چی دەبێژین، چی دەچێژین، چی دەڕێژین، چیدەپێژین و چی دەنێژین. یانی وەک تۆ گوتت دەبێ ئاگامان لە خۆمان بێ و بزانین کە توربێنی عەمەلانمان لە چی داخنین و بە کۆڵێی دادەدەین.
شاعیرێکیش دەڵێ:
ئەگەر شەشدانگی دونیا مڵکی تۆ بێ،
هەزار ساڵی تەواویش عومری تۆ بێ،
بزانە عاقیبەت قەبرە مەکانت
لە حەق غافڵ مەبە ئاگات لەخۆ بێ.
کەوا بوو مامئەحمەدگیان، ئێمە دەبێ لە مەرگی هاوچەشنانی خۆمان عیبڕەت و دەرس و ئەزموون وەرگرین. چونکە قەدیمیان گوتوویانە، مەرگ وشترێکی چاوڕەشە کە لە دەرگای هەموو مرۆڤێکی یخ دەخوات.
دەیخۆ خڕکردنەوە و شاردنەوەی سەروەت و سامانیش لە دواڕۆژ دا لێمان دەبێتە داخ و زووخاوەزگ. خودا داوێتی کەڵکی بەکەڵکی لێوەرگرین و لە گۆڕی خۆمان و هاونەوعانی خۆمانی هاوێژین. چونکە دونیایەکە بێبەقا و بێوەفایە و مەرگ لە ڕێی هەموان دایە. بەڵام بە خوای هیچمان ترسی مەرگمان لە زگدا نییە و دراوسێی دەستکورتی هاونەوعمان لە نەداری و هەژاریدا لیکاوی بە لالەغاوەدا بێتە خوارێ تەنانەت کۆنە پەنچکە پەڕۆیەکی نادەینێ پێی وەستڕێ.
کە هیوادارم خودا خووی خزمەتگوزاریمان لە دڵ نێ، مەبادا ئێمە تێر و دراوسێمان لە برسانە زگەقورووسکەی بێ. چونکە سەرەنجام هەموومان بەو ڕێیەدا تێدەپەڕین کە حاجی پێیدا ڕۆیشتووە و دوو گەزە خاکی گۆڕی بە نسیب بووە.