پایزی چەپگەرد
ئاسۆ
پاییزو دیسان گەڵا فرمێسکی چاوی دار چنار
ئاخ لەبۆ دیداری جارانمان لەقۆپی بەر بنار!!
من وەکوو تەیرێکی بێ هێلانە لەونێو باغەدا
ئەو وەکوو مەزرایەکی سەرسەوزی بێ هەژگ وبژار
سێو لەگەڵ کوڵمی ڕەقابەتیان دەکرد بۆ ناسکیی
گوڵ لەبەر ڕوخسارەکەی لێی تێکدەچوو حەوشەو حەسار
لەوچنارستانەدا، لەو لێڕەوارەی پاییـــــــــزیی
بەژنی وێنەی دارچنار و سینە پێوەی دوو هەنار
من سەرم سووڕما لەچەوتیی چەرخی چەپگەردی زەمان
چی بەسەرهات ئەوعەیامە؟ توایەوە وەک بەفری پار
ئێستە گردی تەپڵی سەرمان، بۆتەقەندیلی چەلان
بەفری سەرقەندیلەکەش ئاوی نەما بۆ گورگی هار
چەرخی چی هەروەک دەڵێن خودکردە را تدبیرنیست
ئاشەکۆنە چەرخی گەردون، ئاشەوانی نادیار
دانەدانەی دانەکەی مووی ئێمەبوو ئاشی زەمان
کردیەئارد وتەپڵی سەرمان بوو بەبەفری کۆهسار
دەورەکەش هێند سەخڵەتە، دەرد پەتای وای پێوەیە
فەرقی بۆ عاشق نەماوە دەنگی قەل یا عوودوتار
کۆڕی یاران تێکچوە ماسی لەچومدا وشک هەڵات
واکسەنیش گیرناکەوێ ولێمان بووە کارتی فشار
بۆدڵۆپێک وسورەنگێ وەک سەفی موعتادەکان
وێڵ بوو ون خەڵکی جیهان ساغ وبەملوێن دەردەدار
ئەم پەتایە، باخ وکاخ وکۆخ وچۆمی کردەیەک
ئێستە جێژوان خانەباغەو چۆڵ کرا قەسرو تەلار
ژین بەسەربەستیی چ خۆشە، قەت بەشەرداناکەوێ
دڵنیام دەژیێتەوە، دەورانی ئازادیی وتار
گوڵ لەسەر بەرماڵی خاکی بەشکراو قامەت دەکا
ویشکەساڵیی لادەچێ وکانی دەتۆقێن، دەم بەهار
ئیدی ئەودەم شیعری ئاسۆ دێتەوە سەر دۆخی خۆی
ناحەزان عاقڵ دەبن دەیناسنەوە شیعر و شیعار