وتووێژ لەگەڵ ئەمین گەردیگلانی

* ئاماده کردنی : شیرین ستایش

بە بۆنەی چاپ و بڵاو بوونەوەی کتێبی (پاییز! زستان بەڕێوەیە)کۆی بەر هەمە شعرییەکانی ئەمین گەردیگلانی دیمانەیەکمان لەگەڵ ئەو شاعیرە خۆشەویستە ساز کردووە و پێشکەش بە خوێنەران دەکەین.

* سەرەتا داواتان لێ‌دەکەین خۆتان بە خوێنەران بناسێنن.
* من ساڵی ۱۳۴۹ لە ئاوایی گەردیگلان سەربە شاری سەقز لە بنەماڵەیەکی جووتیار لەدایک بووم. خوێندنی سەرەتاییم لەوگوندە دەست‌پێکرد و هەتا پۆلی چوارەمی سەرەتاییم خوێند و ماوەیەک بەهۆی نەبوونی مامۆستای قوتابخانە و هەروەها گرفتاری و کار و شوانی نەمتوانی لەوە زیاتر بخوێنم. ساڵی ۱۳۶۲ ماڵمان چووە شاری بۆکان و لەوێش ناردیانم بۆ شاگرد خەیاتی. هەموو ساڵێکیش هەر لە بەهارەوە هەتا پایز دەچووینە کوورەخانە، زستانانەش خەیاتی. بەڵام زۆرم حەز لەخوێندنەوە بوو، گۆڤار و کتێبی فارسیم دەخوێندەوە و بەتایبەت ئاشقی شێعر و چیرۆک بووم. یەکەم کتێب ساڵی ۱۳۶۴ لە شاری مەلایر کڕیم، کە ئەوساڵە لە کوورەخانەی ئەوێ کارمان دەکرد. کتێبەکەش کورت کراوەی ڕۆمانی دۆن‌کیشۆت بوو کە لە بەرگێکی ۱۵۰ لاپەڕییدا چاپ کرابو. زۆرم ئەو ڕۆمانە پێ‌خۆش‌بوو، ئیتر دوای ئەوە هەموو حەوتوویەک کتێبێک یان گۆڤارێکم دەکڕی. کوردیم هەر نەدەزانی. ئەگەرچی ساڵی ۱۳۵۹ مامۆستای قوتابخانەکەمان لە ئاوایی گەردیگلان (کاک مەحموود کەرەمی) یادی بەخێر و لە هەرکوێیەکە سڵاو و ڕێزی بێ‌پایانم بۆی هەیە، تاڕادەیەک کوردیی فێرکردین. بەڵام بەهۆی چەن‌ساڵ دابڕان لە خوێندنەوە و نووسینی کوردی، بە تەواوی لەبیرم چووبۆوە. زستانی ساڵی ۱۳۶۷ لەگەڵ گۆڤاری سروە ئاشنا بووم و بە خوێندنەوەی ئەو گۆڤارە وردە وردە کەوتمە سەر دەور. ئەگەرچی زۆر بەدژواری وشە و رستەکانم دەخستەوە سەریەک، بەڵام چونکە لەپێشدا تا ڕادەیەک فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی بووبووم. ساڵی ۱۳۵۹ بە کتێبی ملوانکەی شینی مامۆستاشەریف فرچکم گرتبوو. کەوتمەوە سەرباری خوێندنەوە و وردەوردە زمانە شیرینەکەی خۆمم وەبیر هاتەوە و فێری بوومەوە. ئیتر دوای ئەوە بەردەوام گۆڤاری سروەم دەخوێندەوە و لەپاڵ ئەودا کتێبی کوردی و دیوانە شێعرەکانم وەدەست خست و ملم لە خوێندنەوە نا. دواتر گۆڤاری ئاوێنەش بڵاوبۆوە و لەگەڵ ئەویش بوومە هاوڕێ. بەڵام مامۆستا و ڕێنوێنی ڕاستەقینەی من بۆ دنیای ئەدەب گۆڤاری سروە بوو. دوای خوێندنەوەی زۆری کتێب و گۆڤاران هەستم کرد تواناییی نووسینم هەیە ـ بەشێوەی غەزەل ـ چونکە زۆر ئاشقی ئەو قاڵبەشێعرییە بووم ـ دەستم‌پێکرد و بۆ گۆڤاری سروە و ئاوێنەم دەنارد ـ یەکەم شێعرم لە ژومارە ۶۳ی گۆڤاری سروەدا بڵاو کرایەوە. دوای ئەوەش بەردەوام شێعرەکانم بۆگۆڤاری سروە دەنارد و بڵاو دەبوونەوە.
یەکەم کۆمەڵەشێعرم بەناوی (تاپۆی وەرزێکی سەوز) ساڵی ۱۳۷۶ بڵاو کردەوە ـ کومەڵەشێعری (شەوەژانی ئەستێرەیەک) ساڵی۱۳۸۰ـ (مەرگە خەون) کومەڵەشێعر ۱۳۸۳٫ دواتر ڕۆوم لە وەرگێڕانیش کرد و شێعر و چیرۆکم لە فارسییەوە دەکردە کوردی و لە گۆڤاری سروە و ئاوێنە و ڕامان و کاروان و سەردەم و ئایندە و گەلاوێژی نوێ و سیروان و ئاویەر و راسان و مەهاباد و زرێبار و … بڵاوم دەکردەوە.
کاتێ چاوم بە کتێبی هەنبانەبورینەی مامۆستا هەژار ڕوون بۆوە شانم داخست لە خوێندنەوەی و زۆری شت لێوە فێربووم. بەڵام جاروبار هێندێ وشەم دەبیست یان دەخوێندەوە یان لەپێشدا زانیبووم و تایبەتی ناوچەی خۆمان بوو، لە فەرهەنگەکەی مامۆستا هەژاردا نەهاتبوون. بۆیە دەستم‌کرد بە کۆکردنەوەی ئەو وشە و زاراوە و دەستەواژانە و لە بەشی قامووسی گۆڤاری سروەشدا زۆرم لەو وشانە بڵاو کردۆتەوە، بەڵام ئەوەی بڵاو بۆتەوە یەک لە چواریشی نییە. دواتر هاتمە سەر ئەوەی ئەو وشانە وەک کتێب چاپ بکەم و بۆیە دەستم کرد ڕێکوپێک کردنی و ساڵی ۱۳۸۸ لە لایەن دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانییەوە بە ناوی فەرهەنگی (ڕێژگە) لە هەولێر چاپ کرا. تائێستا یانی پایزی۱۳۹۹ ی هەتاوی ئەم بەرهەمانەی خوارەوەم چاپ کردووە:

۱) تاپۆی وەرزێکی سەوز، کۆمەڵەشێعر، چاپخانەی شوعاع، تەورێز، ۱۹۹۷
۲) شەوەژانی ئەستێرەیەک، کۆمەڵەشێعر، تاران، نشر عابد،‌ ۲۰۰۰

۳) مەرگەخەون، کۆمەڵەشێعر، تاران، نشر پیام امروز، ۲۰۰۳
۴) دیسان لەو شەقامانەوە، کۆمەڵە چیرۆکی بیژەنی نەجدی‌، وەرگێڕان، ئاراس، ۲۰۰۵ هەولێر
۵) تەپڵی ئاور، کۆمەڵە چیرۆکی بیانی، وەرگێڕان، ئاراس، ۲۰۰۵ هەولێر
۶) جێگای بەتاڵی سلووچ، ڕۆمان، مەحموودی دەوڵەت‌ئابادی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۰۶
۷) خۆر و لاولاو، کۆمەڵە شێعری منداڵان، بۆکان، چاپخانەی داهاتوو ۲۰۰۷
۸) یەکگرتن، چیرۆکی منداڵان، قودسی قازی نوور، وەرگێڕان، ئاراس، ۲۰۰۷ هەولێر
۹) برایانی کارامازۆف، ڕۆمان، فیۆدۆر دۆستۆیۆفسکی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۰۷
۱۰) خولیای نووسین، کۆمەڵە وتار، ڕەزا بەراهەنی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۰۸
۱۱) فەرهەنگی ڕێژگە (ئەو وشانەی لە هەنبانە بۆرینەدا نەهاتوون)، موکریانی، هەولێر ۲۰۰۹
۱۲) کەڵەشێری ورگن، چیرۆکی منداڵان، فۆلکلۆر؛ نووسینەوە، بۆکان‌، ئیزیرتوو، ۲۰۰۹
۱۳) تازیەبارانی بەیەل، ڕۆمانی غوڵامحوسێن ساعیدی، وەرگێڕان،‌ موکریانی، هەولێر، ۲۰۱۱
۱۴) مەرگی ئیڤان، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۱
۱۵) دار وپەپوولە و ڕووبار، چیرۆکی منداڵان، فەریدە شەبانفەر، وەرگێڕان، ۲۰۱۱
۱۶) دیلی قەفقاز، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۱
۱۷) باوکە سێرگی، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۱
۱۸) ئاغا و نۆکەر، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۱
۱۹) هاوسەرگیری بەختەوەرانە، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، هەولێر، خانەی کتێبی ئاوێر ۲۰۱۲
۲۰) نارنجی فڕین، کۆچیرۆک، وەزارەتی ڕۆشنبیری، سلێمانی، ۲۰۱۲
۲۱) ئانا کارنینا، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر، ۲۰۱۲
۲۲)سترانی شەپۆلەکان، شێعری هاوچەرخی فارس، وەرگێڕان، یەکیەتیی نووسەران مەڵبەندی گشتی، هەولێر ۲۰۱۲
۲۳) شنەی پشکووتن، دیوانی شێعر، ناوەندی بڵاوکردنەوەی کۆڵەپشتی، تاران ۲۰۱۳
۲۴) کازاخەکان، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر۲۰۱۴
۲۵) شەیتان، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۴
۲۶) سۆناتای کرۆیتیزێر، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۴
۲۷) پەسڵان، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۴
۲۸) حاجی مراد، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان، موکریانی، هەولێر ۲۰۱۴
۲۹) پۆلیکۆشکا، ڕۆمان، لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕان.
۳۰) زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ. کومەڵە شێعر، بوکان ، په خشانگای زانکۆ ۱۳۹۵
۳۱) مزرۆکە، نەقڵ و هەقایەتەکانی محەمەد فەیزی، نووسینەوەی ئەمین گەردیگلانی، چاپی یەکەم، ۱۳۹۷، پەخشانگای زانکۆ، بۆکان
۳۲)پاییز! زستان بەڕێوەیە، کۆی بەرهەمە شێعرییەکانی ئەمین گەردیگلانی، چاپی یەکەم، پەخشانگای ئامیار سنە، ۱۳۹۹

٭ کاک ئەمین چۆن بوو بڕیارتان دا کتێبی کۆ بەرهەمەکانتان واتە (پاییز! زستان بەڕێوەیە) چاپ بکەن؟
٭ من بەردەوام دەسکاریی شێعرەکانم دەکەم و دوای چاپ بوونیشیان هەر دستیان لە کۆڵ ناکەمەوە و یان پێیان زیاد دەکەم یان لێیان کەم دەکەمەوە. یان لە باری ئەدەبی و ڕێزمانییەوە تەتەڵەیان دەکەم. لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا زۆربەی شێعرەکانم دەسکاری کردووە و ویستم بەو جۆرەی کە شیاوی خوێندنەوەی هۆگرانی شێعر و ئەدەبی کوردییە بڵاو بێتەوە و دڵم لێی ئاو بخواتەوە. چونکە ئەم بەرھەمە سەرجەمی شێعرە چاپ کراو و چاپ نەکراوەکانمی لەخۆگرتووە و ئەزموونی سی ساڵی ڕابردوومە. دیارە سی ساڵیش کەم نییە و خۆی تەمەنێکە.
بۆ چاپی ئەم دیوانە واتە (پاییز!زستان بە ڕێوەیە) پێویستە سپاسی هاوڕێی ئازیزم کاک هادی حەبیبی بکەم بۆ ویراستاری و هەڵەچنیی تایپەکەی زۆری زەحمەت کێشا و چاوی ماچ دەکەم. هەروەها کاک محەممەدئەمین شاسەنەم کاری تایپ و دیزاینی ناوەوەی لە ئەستۆ گرت و کاک برایم ڕەحمانی وێنەگری سیما فەرهەنگی بۆکان وێنەی لێ گرتم و کاک موحسین مەحموودی ڕووبەرگەکەی ساز کرد و زۆریان دڵسۆزی نواند، کە بە پێویستی دەزانم لە ناخی دڵەوە سپاسیان بکەم.
هەرواها ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ کاک ڕەفیق ساڵحی خاوەنی پەخشانگای ئامیار لە شاری سنەی خۆشەویست کە ئەرکی چاپ و بڵاو کردنەوەی ئەم بەرهەمەیلە ئەستۆ گرت.
ڕەنگە خوێنەران بڵێن بۆ ئەو ناوەم لە دیوانەکەم ناوە؟ چونکە تەمەنم لە نیوە تێپەڕیوە و لە چوار وەرز و قۆناخی ژیان دوو قۆناخی واتە بەھار و ھاوینەکەم تێپەڕاندووە و لە ئاخر و ئۆخری پاییزەکەیدام و چاوەڕوانی ھاتنی زستانی تەمەنم! سەرماوەزی ژیان زوقم و سیخوار و کەڕەسیسەی لە سەر و ڕوخسارم پڕژاندووە و دێوەزمەی پیری چاوم لێدادەگرێ و ناچارم بەرەو پیری بچم!
هیوادارم ئەم بەرهەمەش وەک بەرهەمەکانی پێشووم لەگەڵ پێشوازیی گەرمی گەلە خۆشەویستەکەم بەرەوڕوو بێت و کتێبخانەی کوردی ئامێزی گەرمی بۆ بگرێتەوە.
٭ ئێوە زیاتر لە چ قاڵبێکی شێعریدا دەنووسن؟
٭ من زیاتر حەزم لە غەزەلە زۆربەی شێعرەکانیش قاڵبەکەیان غەزەلە، بەڵام لە زۆربەی قاڵبەکان کەڵکم

وەرگرتووە و دووبەیتی و چوارینە و مەسنەوی و چوار پارە و شێعری نوێشم زۆرە.

* ئێوە کاری وەرگێڕانیش دەکەن، ئایا تەنیا لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی یان لە کوردیشەوە بۆ فارسی وەردەگێڕنەوە؟
* بەداخەوە تەنیا ئەو دوو زمانە دەزانم و بە هەردوو بارەکەشدا کاری وەرگێڕانم کردووە. بەڵام چونکە لە داڕشتن و زانینی زمانی کوردیدا شارەزاترم زیاتر لە فارسییەوە بۆ کوردی وەردەگێڕم. کتێبێکیشم ئامادەی چاپە بە ناوی (آسمان بدون خورشید) کە شێعری شاعیرانی کوردە و بە زمانی فارسی وەرم‌گێڕاوەتە.

* ئێوە تاکوو ئێستا چوار ڕۆمانی «جێگای بەتاڵی سلووچ» و «برایانی کارامازۆڤ» و «تازیەبارانی بەیەل» و «ئانا کارنینا» و چاردە ڕۆمانی دیکەی تۆلستۆی‌تان وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، کە دەبێ دەستخۆشانەتان پێ بڵێم کە زۆر شارەزایانە ئەو کارەتان کردووە و بەواتایەکی تر بە باشی کورداندووتانە، پێم خۆشە سەرەتا کەمێک سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو ڕۆمانانە و پاشان خودی ڕۆمانەکان بۆمان بدوێی. هەروەها بۆ وەرگێڕانی ڕۆمان چ لێهاتوویی و تواناییەک پێویستە؟
* ئەو ڕۆمانانە تێکەڵ ژیانم بوون، لەگەڵ خوێندنەوەیان گریاوم. خۆم لە جێی زۆربەی پاڵەوانەکانیان داناوە. شەوانێکی زۆر شەونخوونییان پێ کێشاوم. ؟ من ئەو بەرهەمەی کار لە مێشک و هەستم بکا و وا هەست بکەم کە خۆم دەبوو بمنووسیبایە، حەزدەکەم وەریگێڕمەوە، یان بە واتایەکی تر بە زمانەکەی خۆم بینووسمەوە. بۆ ئەوەی ئەو چێژە کە خۆم لەو دەقەم وەرگرتووە هاو زمانەکانیشم وەریگرن. ڕۆمانی جێگای بەتاڵی سلووچ هەر وەک لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیومە، لەگەڵ ژیانی هەژارانەی خەڵکی کوردوستاندا یەکدەگرێتەوە. زۆربەی ئازاراەکانی مرۆڤی لە خۆیدا جێ کردۆتەوە. هەر بۆیە بڕیارمدا وەریگێڕمەوە. برایانی کارامازۆڤیش وەک شاکارێکی گەوەرە و جیهانی پێم حەیف بوو نەکرێتە کوردی و کتێبخانەی کوردی لەو سامانە مەزنە بێ بەش بێ. ئەو ڕۆمانەش هەر خەم و ئازارەکان و تاسە خنکاوەکان و ناکامی و ژانەکانی خۆمانە و دەتوانم بڵێم لەم سەردەمەشدا ئەو خەمانە بۆ ئێمە هەن و ئێستاش کۆمەڵگاکەمان پێوەی دەناڵێنێ. ئەو جییاوازییە چڕ و بنەڕەتییانەی لە نێوان ئەو سێ برایە و باوکیاندا هەیە گرفتی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێمەیە و پێوەی دەناڵێنین. تازیەبارانی بەیەلیش ئاوێنەی ژیانی زۆربەی لادێکانی خۆمانە و بە داخەوە ئێستاش بێ دەرەتانی و برسییەتی و خورافات داوێنی گوندەکانی گرتووە و ژیانی لێ تاڵ کردوون.
ڕۆمانی ئاناکارنینا یەکێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهانە و بە زۆربەی زمانە زیندووەکانی دنیا وەرگێڕدراوەتەوە. ڕاستە ڕۆمانی شەڕ و ئاشتی وەک یەکەم شاکاری لیئۆنیکۆلایڤیچ تۆلستۆی دێتە ئەژمار بەڵام ڕۆمانی ئاناکارنیناش شاکارێکی کەم وێنەیە و تۆلستۆی زۆری گرینگی پێداوە و ئەگەر ئاوڕ لە ژیان و سەربردەی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەو نووسەرە بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێ شیلە و هەوێن و هەستەکانی ژیانی هەمووی لەو ڕۆمانەدا ڕەنگی داوەتەوە و لە ڕاستیدا هیوا و ئاوات و خەمەکانی خۆیەتی نووسیویەتەوە من دوای چەند جار خوێندنەوە و لەکاتی وەرگێڕانیشدا زۆر جار پێموا بوو ژیاننامەی تۆلستۆی دەخوێنمەوە و زۆرجار لە زەینی خۆمدا «لەڤین» و«تۆلستۆی» و «کیتی»و «سۆفیا»م لێ تێکەڵ دەبوو.
تۆلستۆی هەمیشە دڵتەنگ و خەملەبەری چینی هەژاری کۆمەڵگاکەی بوو و لە هەموو بارێکەوە یارمەتیی دەدان و ئاسانکاریی بۆ دەکردن و تەنانەت زۆر جار کاریشی لەگەڵ دەکردن. هەروەها خۆشەویستی و ئەوینی سۆفیا تێکەڵ خوێن و دەماری بووبوو، سەرەڕای کێشە و شەڕە دەندووکە و گومان و ساردی و تۆران و ئاشتبوونەوە، هەستی دەکرد تەواوی ژیان و بوونی بەسۆفیاوە بەندە و بێ ئەو ناتوانێ بژی. لە ڕۆمانی ئاناکارنیناشدا کاتێک خۆشەویستی و ئەوینی لەڤین دەبینین بۆ کیتی ناهەقمان نییە ئەگەر پێمان وابێ تۆلستۆی لەڤینە و سۆفیاش کیتیە.
هەروەها تۆلستۆی جیاوازیی چینایەتی زۆری ئازار داوە و تەنانەت خەمی ئەوەش هەڵیچۆقاندووە کە هۆزێک یان کەمەنەتەوەیەک خەریکە بەدەستی گەلی باڵادەست و دەسەڵاتدار دەتوێتەوە و دەیانهەوێ زمان و داب و نەریتیان بسڕنەوە و زمان و فەرهەنگی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن.
زۆرجاریش ناڕاستەو خۆ و لە دیالۆگی پاڵەوانەکاندا ئاماژە بەو پەتایەی ئەو سەردەمەی ڕووسیە دەکات کە خەڵک چەندەیان زمان و فەرهەنگەکەی خۆیان بەلاوە سووک بووە و بۆ خۆنواندن و فیز و پۆزلێدان بە زمانی فەڕەنسی قسەیان کردووە و لە جلوبەرگ پۆشین و هەڵسووکەوت و میوانی و میوانداریدا لاسایی فەڕەنسییەکانیان کردۆتەوە.
تۆلستۆی لە ڕۆمانی ئاناکارنینادا کە دەتوانین بڵێین بە ڕاستی ڕۆمانێکی ڕەخنەییە و لەودا بە ئاشکرا قامک لەسەر پەتا و درم و گەندەڵییە ئەخلاقی و تۆڵازی و داوێن تەڕییەکان دادەنی و دیارە ئەو ئاریشەیە زۆری شوێن لەسەر ڕۆحی داناوە و هەستی کردووە کە ئەو درم و ئاپۆرە خەریکە کۆمەڵگای ڕووسیا لەبەریەک هەڵدەتەکێنێ و پاکی و ڕاستی خەرێکە لە نێو بنەماڵەکاندا بارگەوبنەی دەپێچێتەوە.
ئەم ڕۆمانەم بۆیە بەلاوە گرینگ بوو و بە پێویستم زانی وەرگێڕمەوە سەر زمانی کوردی چونکە بە چڕ و پڕی باس لە گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و ئەو گرفت و پەتا و ئاپۆڕانەی کە سەردەمی تۆلستۆی ڕووسیای داگرتبوو ئێستا لەلای ئێمە سەری هەڵداوە و وڵات و کۆمەڵگاکەمان بە دەستییەوە دەناڵێنێ.

* با بێینەوە سەر دنیای شێعر چونکە جەنابت وەک دەزانین چەند کۆمەلە شێعرت بڵاوکردۆتەوە، وەک کەسێکی خاوە ڕا، ئێستا ئاستی شێعری کوردی لە ناوچەی موکریان بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی چۆن دەبینن؟
* شێعر بە ڕاستی نەک هەر لە ناوچەی موکریان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە تەواوی جیهاندا تووشی قەیران و پەتایەکی گران بووە و نەبوونی ئەشق و تاسە و دەروەست بوون لەهەمبەر زمان و فەرهەنگ و وێژەدا کارێکی کردووە کە ئیتر شێعر تام و چێژ بە مرۆڤی ئەم سەردەمە نابەخشێ. من بەش بە حاڵی خۆم هیچ چێژێک لە شێعری شاعیرانی دوای ساڵی دوو هەزار وەرناگرم، بێجگە لە چەند کەسیان نەبێ کە پشتیان لە پێشینەی خۆیان نەکردووە. جا یان من تێ‌ناگەم یان ئەو شێعرانە هیچیان پێ نییە.
* شاعیرانی کوردوستانی ئیران (بە تایبەتی لاوەکان) زۆر باس لە مودێرنییەت دەکەن، بە ڕای تۆ مۆدێڕنییەتە هاتۆتە ناو ئەدەبیاتی کوردی و بە تایبەتی شێعرەوە؟
* هەر ئەوەیە شێعری بەو دەردە بردووە. لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانە تووشی ئەو پەتایەی کردوون. من دژی نوێخوازی و مودێڕنیتە بوونی شێعر نیم، بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەم دەبێ لەسەر بناغە و هێمی ڕابردووی پتەوی خۆمان بینای مودێڕنیتە و نوێخوازی ساز بکەین.
تاچەند ساڵ لەمەوبەر زۆر دەنگی ڕەسەن و شاعیری باشمان هەبوو کە ئاسۆی شێعری کوردیان ڕووناک کردبۆوە و جێگای هیوا بوون بەڵام بەداخەوە بەهۆی چاولێکەری و کارتێکەریی ئەدەبی بێگانە بەتایبەت ئەدەبی ڕۆژئاوا کە زۆر لە هەست و ڕۆحی ئێمە دوورە، تووشی سەرلێشێواوی بوون و وەرگێڕانی هەڵەی شێعری ڕۆژئاوا بەجارێ چەواشەی کردوون و بەڕاستی خوێنەر وا لە شێعرەکانیان بێزار بووە، جاری وایە بێزی هەڵدەستێ و هەست بە ڕشانەوە دەکا بە بیستن یان خوێندنەوەی بەناو شێعرێکی ئەمڕۆ. شاعیرێک لەوانە چەند ڕستەی بەناوی شێعر لەڕۆژنامەیەکدا بڵاو کردبۆوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: «لەنێو ڕیخۆڵەکانی زەماندا قەتیس ماوم/ چارەنووسم قەبز بووە.» جا تۆ خودا من ناڵێم ئێوە بڵێن ئەوە شێعرە؟! ئەو قسە بێ تام و ناحەزە بۆ ئەوە دەبێ ناوی شێعری لێ بنێی؟ بەڕاستی ئەگەر شێعر ئاوابێ و ئەدەبیاتی مودێڕن و پۆست مودێڕن ئەوەبێ حاشا!

((کۆشکی درۆچین))

{ئەمین گەردیگلانی}

خمخۆرکە زەوی تا زووە با پێکەوە ڕۆچین
ئێمەی دژەژین هێندە کەوا ئاشقی کۆچین!

داهۆڵی ڕەشی چێوییە پێشەنگی سەفەرمان
یا داری سڕو ویشکە لە سەرچاکی پەڕۆچین

چاوێ نییە لەم خاکە بە ڕووناکی بنۆڕێ
لێویش بە زمان و دەم ئەڵێ چاکە لە گۆچین

یارێ هەیە دەڕژێ لە نیگای شەونم و پڕشنگ
ئێمەی کڕی دڵڕەش کەچی قەلپووچ و قلۆچین

ڕێژنەی گەشی خۆری دڵی ئەو یارە دەبارێ
کەس ناڵێ خودا ئەو هەموو بەرزینەشکۆ چین؟

ئێمەی کە بە شۆقێکی گوڵەستێرە شەوارەین
کوا سەیرە بە پرشنگی نیگای خۆری لەخۆچین

ئەسپی عەرەبین، جووتە لە ئەستێرە دەدین و
لەولا بە ژەکی یەکسمی ئەو قاقڕە گۆچین!

گۆچانی دەسی کوێرە قەڵەم لێرە دەنووسێ
نووسینەکەشی دووکەڵی ڕەش، کۆشکی درۆچین!

ئەم خاکە کە چاوێکی نییە جوانی ببینێ
ئاسمانەکەشی ڕەش بێ دەبا، خۆری لە بۆچیین؟!

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا