«کارەساتی جەواز و مەرگی سروشت»
کامیل ئیبڕاهیمی
رۆحی جوانی سروشتی سێحراوی چوار وەرزی کوردستان بە چیا و پێدەشت و سەوزەڵانی، بنار و ھەوار و ئاوەدانی، کەندولەند و شاخ، مێرگ و چیمەن و باخ، کانی و کانیلە و رووبار، لێر و دارستان و دار، خڕ و شیو و نواڵ و دۆڵ بە خشڵی رازاوەوە، نزار و نسار و پەسار، قەڵای چیای هەزار هەزارە، تیرەگ و باسک و لاباسک، لانەی هەڵۆ، جێگای ئاسک، تەختو پاناوک و کەل، خشۆک و خزۆک و مەل.
خۆی لە خۆیدا بەهەشتێکە لە شاکاری خوای جوانی، وەک ئەستێرە سەما دەکەن بۆ خۆر و شنە و بەیانی، چونکە ئەمە گیانی زیندووی سروشتە لە نێو کێو و چیا و دارستان ھێندێک پەلەوەر و گیان لەبەر رۆحێکی مۆسیقایی دەنگێکی ئەهورایی رەنگێکی خوایی ببەخشنە ئەم دیمەنە کۆلکەزێڕینەیە، کە سەمفۆنیای سروشت دێتە کایەوە و ئەڵێ دڵی هەر دارێک، خاری دڕی هەر گوڵزارێک دەلەرزێنێ و دەیهێنێتە سەما و لێدانی دڵی بۆ لای خۆی رادەکێشێ. چونکە ئەم جوانی و گیانە زیندووە زۆر بە دەگمەن لە وڵاتانی ئەم گۆی زەوییە دەبیندرێ.
1-«هۆمبۆلد Humbolt دەڵێ: رادەی تێگەیشتوویی و شارستانیەتی ھەر گەلێک لە کردەوەی ئەو گەلە بەرانبەر بە ئاژەڵان دیاری دەدا».
کەوایە با تۆزێ بیر بکەینەوە و بزانین رادەی تێگەیشتووی ئێمە بەرانبەر بە ئاژەڵان چەندە.
تۆ بڵێی قەلەرەشەکانی ئەم وڵاتە هەر هەواڵی هاتنی بکوژان بە مەلەکان رانەگەیێنن؟ تۆ بڵێی گورگ و رێوی دەستیان نەدابێتە دەستی یەک بۆ رزگار بوون و هەڵاتن لە ماڵی سروشت و خۆ ڕزگار کردن لە دەست بکوژان.
بەراستی ئەگەر ئاژەڵ و باڵندەکان زمانیان هەبوایە چ نێوێکیان لەو مروڤە بکوژ و خوێن خۆرانە دەنا.
ئەگەر لە سەر دوندی چیا قاسپەی کەوێ، سروشت رانەچڵەکێنێ لە خەوێ، لە سەر شاپەلکی چنارێ گمەی گا کۆترێ، رۆحی لە بەر نەمرێ، لە نێو ئامێزی شۆڕەبی هێلانەی مەلێ، سروودی ژیان نەڵێ، یا ورینگەی بولبول لە نێو باخ ئاوازی ئەوین نەچڕێ، یا هێلانەی قوڵتە لە نێو دڵی شاخدا رازاوە نەبێ وەکوو کاخ، … ئەوە ئەو سروشتەی بێ گیانە و وەک شارێکی خاپوور و وێران وایە کە مرۆڤ ژیان و ژیاری تێدا بەسەر نەبا.
تۆ بڵێی ئەوکاتەی رۆحی شڵەژاوی مرۆڤی ئەم سەردەمە لە نێو هەراهوریای حەشیمەت و گرم و هۆڕی دنیا ماشێنی ئەوڕۆ بۆ پشوویەک بێتە داوێن ماڵی سروشت تاکوو کاسەسەری پڕ لە هەرا و بێشکەی رۆحی بداتە دەم شنە و سرتە و خوڕە، چریکە و زریکە و زریوە، جریوە و قریوەی سەمڤونیای خوای جوانی، گرمە و هاڕەی تاپڕێک لە داوێن باڵای بووکی سەوزە پۆش لە سەر فەڕشی چیمەنی کراسی کچی رووبار رۆحی شڵەژاوی ئەوەندەی دیکەش ئەهەژێنێ.
زور بە داخەوە لە پێش جەوازکردنی تاپڕەکان و لە دوای بە جەوازکردن. زۆر بیندراون ئەو مەلە بێ تاوانانەی بە تاوانی ئازادی و باڵ لێدان لە ئاسمانی ئازاد و فڕین لە زەوی تاوان کراونە قوربانی تاقمێک چاوچنۆک و زگ پەرەست. زۆر بە داخەوە زۆر بیندراوە و بیسراوە کارەساتی دڵتەزێن تەنانەت هەستی بەردی جوڵاندووە و مەلێکی زاماری داڵدە داوە و پاراستویەتی. دەبێ رۆحی ئەو مرۆڤە نامروڤانە وەک ئاسنێکی ژەنگاوی وابێ، کە بێچووی کۆترێک بێ دایک دەکەن تاوای لێ بێ لە نێو لاشی هێلانە لە برسان گیان لە دەست بدا، یا ئەو کەو و کەوباڕانەی دەکەونە بەر رەهێڵەی تاپڕ و بە کوژران و بریندار و فەلەج بوون تێدا دەچن یا ئەو مەل و ئاژەڵانەی دەبنە قوربانیی مرۆڤی چاوبرسی و بۆ ڕابوارد و کات بەسەربردن و خۆتاقی کردنەوە ئەو گیان لەبەرە بەستەزمانانە دەکەنە نیشانە و راویان دەکەن. هاوارە هاوار ئێرە بۆتە هەڵەبجەی مەلان، مروڤ بە راستی بۆچی نیگاری جوانی سروشت و ئاوازی دڵ بزوێنی باڵندەکان دەکاتە پەردەیەکی خوێناوی و هاواری ناهومێدی لێ دروست دەکا.
2-«بۆ گەلێک لاڤی شارستانییەت لێ دەدا، بۆ کەسێک بە خۆی دەڵێ مرۆڤ، ئەو کارە ناحەز و دزێوانە لە رێگای مروڤایەتی بە تەواوی دوورە، چونکە زوڵم ھێزێکی مادییە و بەکارھێنانی، نەبوونی ئەقڵ دەسەلمێنێ.
خوا لە قورئان دا لە سووڕەی ئەنعام ئایەتی 38 دا دەفەرموێ:«و ما دابة في الارض و لا طائر یطیر بجناحیه الا امثالکم ما فرطنا في الکتاب من شیئی ثم الی ربهم یحشرون» واتە:
خشۆک و باڵندە لە سەر زەوی نین ئەوانیش وەکوو ئێوەن ئێمە لەو کتێبە ھیچمان لە بیر نەکردووە ئەوانیش بۆ حەشر دێنەوە لای خودا»
3-«ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەوروپا و ئەمریکا ئەنجومەنی پاراستنی ئاژەڵانیان بە نێوی ئینسانیەت واتە مرۆڤایەتی نێو ناوە کە بەڕاستی شایانی ئەو نێوەیە». چۆن ئەگەر مرۆڤێک ئازاری ئاژەڵان بدا، سبەی بەزەیی بە مرۆڤەکانیشدا نایە و درەنگ یا زوو دەبێتە بکوژی مرۆڤ.
دەبێ دادی سروشت و گیانلەبەرانی نیوە نووزەی ئەورۆی کوردستان بەرەو کوێ بڕوا. دەبێ کێ بەرپرس بێ لەبەر پەرچدانەوە و کەمتەرخەمی کاربەدەستان، ئەگەر رەوتی جەوازکردنی تاپڕ و بێ یاسا بوونی راو ئاوا بڕواتە پێش، زۆری پێ ناچێ مرۆڤ لەبەر نەبوونی دەعبای کێوی، نیشانە لە یەکتر دەگرن. بەو هیوایەی گورگ و رێوی ژیانی ئاسایی کێوی دەست پێ بکەنەوە.