زمانی ئاماژه‌ی سروشتی

عەزیز خانە
مامۆستای منداڵانی ناژنەوا و نابینا

زمانی ئاماژە چیە؟
زمانی ئاماژە سیستەمێکی پێوەندییە کە لە هێندێک نیشانەی دیداری دروست بووە و گەورەترین تایبەتمەندیشی ئەوەیە کە ناژنەواکان خۆیان دایان هێناوە (زمانی ئاماژەی سروشتی). جاروبار هێماکان (ئاماژەکان) بە ڕادەیەک ڕوون و ئاشکران کە هەر کەسێک بە ئاسانی لە هێماکە (ئاماژەکە) تێ‌دەگات وەکوو ئاماژەی تایبەتی خواردن، خەوتن، نۆشین.
لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەوەیە کە زمانی ئاماژەی سروشتی لە منداڵانی ناژنەواوە بۆ یەکتر ڕادەگوێزرێت کەچی لە کۆمەڵگای ژنەواکاندا پێیان وایە کە زمانی ئاماژەی سروشتی لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵە ناژنەواکانیان ڕادەگوێزرێت یانی لە دایک و باوکەکانەوە فێری دەبن، کە ئەوە وا نییە.
لێرەدا پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە ئەگەر منداڵێکی ناژنەوا دایک و باوکێکی ناژنەوای هەبێت و لە سەرەتای ژیانییەوە لە زمانی ئاماژە بۆ پێوەندی کەڵکیان وەرگرتبێت، پێشکەوتنی زمانی ئەم منداڵە ناژنەوایە هاودەق لەگەڵ ئەو سەروبەندە پێشکەوتنەیە لە منداڵانی ژنەوادا، بەڵام پتر لە ۹۰٪ منداڵانی ناژنەوا لە دایک و باوکانی ژنەوا دەبن (کتێبی signing) کە لە پێشتردا زۆربەی ئەم دایک و باوکانە تا تەمەنی ۲ ساڵی بە ناژنەوایی منداڵەکەیان نەدەزانی کە ئەمەش دەبووە هۆی فێر نەبوونی زمان لەو منداڵانەدا، مانای ئەم وتەیەش ئەوە نییە منداڵانێکی ناژنەوای کە لەم سەردەمەدا لە دایک دەبن (چ لە دایک و باوکانی ژنەوا چ لە دایک و باوکانی ناژنەوا) و چەند ڕۆژ دوای لە دایک بوونیان بە ناژنەواییان پەی دەبەن، ناکەونە بەر مەترسی فێر نەبوونی زمان.
لە منداڵانێکی ناژنەوادا کە دایک و باوکیان ژنەوایە لە دوو یان سێ ساڵی، ئامادەیی بۆ چڕ بوونەوە(هۆش پێدان) و دەرکی مانای وتەکانیان کەمترە لە چاو ئەو منداڵە ناژنەوایانەی کە دایک و باوکیان ناژنەوان، چونکوو هەر بەو جۆرەی کە منداڵانی ژنەوا دەبێ گوێیان لە قسە کردنی دەوروبەری (دایک و باوک، خەڵکی تر و…) خۆیان بێت هەتا فێری قسە کردن (زمان) ببن، منداڵانی ناژنەواش دەبێ بکەونە بەر ئەو هێما و ئاماژانە (لە کاتی لە دایک بوون تا سێ ساڵ) هەتا بتوانن ئەوەی کە فێری بوون یان بە مێشکیان دادێت بیگێڕنەوە؛ بە کورتی دەبێ بڵێین هەتا بتوانن پێوەندی سازکەن لەگەڵ کۆمەڵگا.
لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بەم بابەتە، ڕوون کراوەتەوە کە تەنانەت لە شوێنێکی کە منداڵانی ناژنەوا هیچ جۆرە دەست‌ڕاگەیشتنێکیان نییە بە زمانی ئاماژەی سروشتی کە لە نێوان ناژنەواکاندا باوە، هەر بۆخۆیان ئاماژەیەک دروست دەکەن بۆ پێک‌هێنانی پێوەندی لە نێوان خۆیاندا و تەنانەت ئەو منداڵە ژنەوایانەی کە لە دایک و باوکانی ناژنەوا لە دایک دەبن، زمانی ئاماژە وەکوو زمانی دایکی خۆیان فێر دەبن و شارەزاییەکی یەکجار زۆریان بە سەریدا دەبێت.
ئاماژەکان لە زمانی ئاماژەی سروشتی هەر ئەو ئەرک و ڕۆڵەیان هەیە کە وشەکان لە زمانی ئاخافتندا(وتاری) هەیانە و هەر بەو جۆرەی کە وشەکان لە پیتی جۆراوجۆر دروست دەبن و بە جێ‌گۆڕکێ کردنی ئەم پیتانە، شکڵ و مانای وشەکان دەگۆڕدرێت، لە زمانی ئاماژەشدا هەر چەشنە پەڕاندن، دروست کردن یان گۆڕینی باری ئاماژەیەک، دەبێتە هۆی گۆڕینی مانای ئاماژەکە. لە بنەڕەتدا زمانی ئاماژە چوار پایە و ئەستوونی هەیە کە بریتین لە:
۱- باری دەستەکان.
۲- جووڵەی دەستەکان.
۳- جێگای ڕاگرتنی دەستەکان.
۴- بەری دەستەکان ڕوو بە کام لابێت.
دیارە کە ئەم چوار ئەستوونە مانا و مەبەستێکی تایبەتی بە هەر ئاماژەیەک دەدەن.
کەسێک کە ژنەوایە بۆ پێوەندی لەگەڵ ناژنەواکان لە زمانی ئاماژە و زمانی ئاخافتن(وتاری) هاوکات لەگەڵ یەک کەڵک وەردەگرێت کە شێوەیێکی دیداری گونجاوە بۆ فێر کردنی زمانی ئاخافتن(وتاری) بە منداڵانی ناژنەوا.
زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا لە بواری پەروەردەوە، تەنیا بە چەند بەرگ کتێبی زمانی ئاماژە بۆ ڕاهێنان و بارهێنانی ناژنەواکانیان دانەکەوتوون بەڵکوو بێ‌شک خشتی هەوەڵیان داناوە بۆ پەروەردەی ناژنەواکانیان.
هەوڵم داوە کە تا ئەو جێگایەی بتوانم هیچ کام لە ناژنەواکانی کوردستان لە هەر زاراوە و ناوچەیەک لەم زمانی ئاماژەیە بێ‌بەش نەبن هەر بۆیە وشەکان تێکەڵاوێکن لە زاراوەکانی زمانی کوردی؛ لە زۆر جێگاشدا زۆر وشەم پێوەند داوە بە ئاماژەکانەوە.
بێ‌شک ئەم زمانی ئاماژەیە کە لە چوار بەرگدا بە کوردی نووسراوە جوابدەرەوەی تەواوی پەروەردە و گیروگرفت و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناژنەواکان و بنەماڵەکانیان و هەروەها کۆمەڵگای ئێمە نییە بەڵکوو هەنگاوێکی چکۆلەیە لەم بوارەدا.

دیدگاهتان را بنویسید