با ژینگە بپارێزین

موحەممەد ڕەسووڵی چراغی(چیا)

بسم اللە الرحمن الرحیم، الحمد للە ڕب العالمین، و الصلاة و السلام علی محمد و آله اجمعین.
خودای گەورە و بێ هاوتا، هەموو شتێکی لە نەبوون هێناوەتە بوون، بە تایبەت ئەو ئاسمانە شینەی بە بێ ئەستوون وەک چەتر بە سەرمانەوە ڕاگرتوە، ئەو زەویە پڕ لە ناز و نێعمەتەی وەک فەڕش بۆ ئێمە ڕاخستوە، ئەوەی پێویستی گیان لەبەرانە لە نێو زەوی خستوە، ئەو هەموو دارو گۆڵە ڕەنگاو ڕەنگ و بۆن خۆشانە، ئەو کەژ و کێو و چیا بەرزانە، ئەو ڕۆژە پڕتەودارە، ئەو مانگه ڕوشن و ئەو گشتە هەسارە، هەرکەس بەمانە نەزانی باری خەسارە، با بە چاوی سەر و بە چاوی دڵ و بە عەقڵ و بیرێکی ژیرانەوە بڕوانین بۆ ئەم ژینگە جوانەی کە خودا دروستی کردوە،هەروەها تەماشای ئەو هەموو گیان لە بەرە جۆراو جۆرە بکەین، کە هەریەکەو دەنگ و ڕەنگی جیاوازی پێدراوه، تا پەی بە گەوڕەیی و دەسەڵاتی خودا بەرین، ئەو جار پیپەرستین و کڕنۆشی بۆ بەرین.
ژینگه‌ چیه؟ ناوه‌ندێكی ‌سروشتییه‌ كه‌هه‌موو ئه‌وشته‌ زینده‌وه‌رو نازینده‌وه‌رانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌وروبه‌رماندا هه‌ن و په‌یوه‌ندی‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیان به‌ ژیانی‌ مرۆڤ و زینده‌وه‌ران هه‌یه‌ ، بێگومان ئه‌و ژینگه‌یه‌ی‌ مرۆڤی‌ تێدا ده‌ژیت له‌ چه‌ندان جۆره‌ مادده‌ی‌ جیاواز پێكدێت له‌وانه‌ (ئاو ، هه‌وا ، خاك،…هتد) چه‌نده‌ها مادده‌ی‌ تریش كه‌هه‌ریه‌كه‌یان كاریگه‌ری‌ كیمیایی‌ و فیزیایی‌ و بایلۆجیان به‌سه‌ر یه‌كتره‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ جوگرافیای‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ی‌ كه‌ بونه‌وه‌ره‌كانی‌ تێدا ده‌ژین.
کەوابوو با بزانین، ژینگه‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ ته‌واوی‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكان گرینگیه‌كی‌ زۆر به‌ ژینگه‌ ئه‌ده‌ن وه‌كو گه‌وهه‌ریكی‌ گرینكی‌ كۆمه‌ڵگاكان سه‌یری‌ ده‌كه‌ن، باسكردن له‌ ژینگه‌ باسكردنه‌ له‌ ژیان، چونكه‌ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌كانی‌ سه‌ر گۆی‌ زه‌وی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ خۆیان هەیه.
ژینگە مەڵبەندی ژیانی بوونەوەرو باڵندەکانه، شوێنی سەرهەڵدانی گیاو و گوڵ و دارستانە، ژینگە مەکۆی حەوانەوی ئینسانە هەست بزوێن ترین شوێن بۆ پشوودانە، تەنیا شتێکە وەک خۆی ماوەتەوە، بۆیە لە گەڵ ڕۆح و ڕەوان هاودەمە و هێور کەرەوەی دڵی نائارامە، قەت زانیومانە ئاو، یانی ئەو مایەی ژیانه، ئارامی گیان، هۆی مانی هەموو لایەکمان، چەندە بە هێدی و هێمنی و ڕووح سووکی و سەر و ڕوو خۆشی ئەرکە حەیاتیەکانی خۆی ئنجام دەدا؟! «و جعلنا من الماء کل شیء حی» [الانبیاء:30]
واته: هەر جانەوەرێکیش هەیە، لە ئاومان بەرهەم هێناوە. واته: هەموو شتێکی زیندوومان لە ئاو دروست کرد. تەماشای هەوا بکەین، هەوا یانی ئەو یاری نادیاری، هەمیشە لە وێی، بەردەوام بیهەوێی، ئەو هەوای بێ هەوای کە مژینی هۆی ژینی هەموو گیاندارێکە، یا هیچ دەزانین زەوی لە سەر ئەو هەموو کەڵک و کەڕەمەی کە بو ئادەمیزادی هەیە، چەندە ئارام و هێدی و بەستەزمان و بێمنەت بە وەخت ئەو ئەرکانەی خۆی وەکوو هێنانی شەو و ڕۆژ و وەرزە سەوز و زەرد و سپیەکان و بەرهەمە تایبەتیەکانان ئەنجام دەدا؟!!
تکایه ورەن تاک تاکی ئێمە بەرپرس بین، لە خۆمان ڕا لە بنەماڵەکەمان ڕا دەستپێبکەین، چاوەدێری ژینگه بکەینە ئەرکێکی دینی و مرۆڤایەتی و نەتەوایەتیه، با داهاتۆکانی ئێمەش کەڵک لەو جوانیانە وەرگرن چوون هەموومان پێداویستیمان بە ژینگە هەیە، وەرن چاوی کانیاوەکان کوێر نەکەین، دەست و پەلی دارستان نەشکێنین، پرچی گوڵە ئاڵ و واڵەکان هاڵۆز نەکەین و نەیژاکێنین، پاراستنی ژینگە نەک هەر ئەرکێکی ڕەوشتی و سروشتییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ئەرکێکی ئایینیش بە ئەژمار دێت، چونکە خودای مەزن خوازیاری پاک وخاوێن ڕاگرتنی مرۆڤە،هەم خۆی و هەم دەوروبەری، یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی پاراستنی ژینگە پاک و خاۆێنی و نەزافەتە، پێغەمبەری ئیسلام دروودی خودای لە سەر بێت، هانی باوەڕمەندانی داوە بە خاوێن ڕاگرتنی خۆی و سروشت بە گشتی، دەفەرموێت:
“ان اللە طیب لا یقبل الا طیبا” [رواە مسلم] واته: خودا خۆی پاک و جوان و خاوێنە، تەنها شتی پاک و خاوێن و بێ گەرد نەبێ وەری ناگرێ. دیارە ئاینی ئیسلام بە تایبەتی بۆ تەندروست بوونی مرۆڤ لە هەر جۆرە نەخۆشییەک و مانەوەی مرۆڤایەتی بە سەر ساغی و سڵامەتی ئەمر و دەستووری داوه بە پاک ڕاگرتنی سروشت لە خۆت و ناوماڵەوە بگرە تا کۆتایی.
لە ناوبردن و سووتان و کوشتنی گیانلەبەرانی کێوی و خۆماڵی لە ئیسلامدا بەبێ هۆ حەرام کراوە، بۆیەش ئیسلام کاتی ڕاو کردنی گیانلەبەرانی دیاری کردووە و لە هیندێک کاتیشدا حەرامی کردووە، بە تایبەت بە بێ نیاز و بە بێ ناچاری نابێ ڕاو بکەی و گیان لە بەران بکۆژی، چونکە ژینگە هەر هی مرۆڤ نیە بە تەنها، بەڵکوو ژینگە شۆێنی ژیانی ئاژەڵیشە، لە ڕاستیدا ژینگە بۆ مرۆڤ بە بوونی ئاژەڵەکانەوە خۆشە، و بزانن وەک تۆ ژیانت پێ خۆشە ئاژەڵەکانیش ژیانیان پێخۆشە، وەک تۆ پێت ناخۆشە بتکوژن یا ماڵ و ژینگەت لێ تێک بدەن، هەر بەو شێوە ئاژەڵیش پێی ناخۆشە بیکۆژن یا ماڵ و ژێنگەی لێ بڕووخێنن، هەر بۆیە پێغەمبەر دروودی خودای لەسەر بێت، تووڕە بوو لەو کەسەی هێلانەی باڵەندەیەکی گچکەی تێک دابوو، فەرمووی: دەبێ وەکوو خۆی لێبکەیەوە، ئایا تۆ پێت خۆشە خەڵکی ماڵت لێ بڕووخێنن.
کەوابوو با ژینگەکەمان بپارێزین، بەڕێزان بڕینی هەرجۆرە دارێک چ داری بەر بێت یان بێ‌بەر، ئەگەر ببێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی سروشت و ژینگە نەهی لێکراوە، پیس کردن یا خود کوێر کردنەوەی هەر کانی و کانیاو و ڕووبارێک پێچەوانەی یاسای ئیسلامە، تا ئەو ئاستە لە کاتی شەڕ و کێشەشدا موسوڵمان ئەرکی سەرشانیەتی دار و دەوەن و کانی و کانیاوەکان کە هۆکاری بەقای مرۆڤایەتیە بپارێزێت، کۆمەڵگایەکی خاوێن لە بووارە جۆراوجۆرەکاندا بە مانای شارەستانییەتدار بوونی ئەم کۆمەڵگایە دێت… بەخۆشییەوە وڵاتی ئێمە کوردستان وڵاتی گوڵ و گیا و دار و درەخت و جۆرەها گیانلەبەرە، ئێمە وەک گەلێکی خاوەن شارستانییەت ئەرکی سەرشانمانە چ لە بواری ئاینییەوە و چ لەبواری ئەخلاقی و ڕەوشتییەوە هەوڵی پاراستنی ژینگەی خۆمان بدەین و هەر تاکێک لە جێگای خۆی، خۆی بە بەرپرسی پاراستنی ئەم ژینگەیە بزانێت.
کەوابوو با ئێمەش دەست لە ڕاوکردنی ئاژڵەکان و خراپ کردنی ژینگە هەڵگرین، لوولەی تەفەنگی ڕاوەکانمان بشکێنین، تاڵ تاڵی داوی ڕاوکانمان بپسێنین، قەفەسی حەبسی کەوی دەندووک سووری خاڵ و میل دار بشکێنین و لێیگەڕین لە سەر چیاکان بە قاسپە خۆشەکەی پێبکەنێ و بخۆێنی، با نەیخەنیە قەفەس، دەنا بە زمانی خۆی دوعای شەڕمان لێبدەکات و دەڵێ: یا خودا تۆش وەک من لە داوکەوی. وەک ئێمە ئازادیمان پێ خۆشە، هەموو گیان لەبەرێکیش ئازادی پێخۆشە، کە وابوو با نەیان کۆژین و نەیانگرین و حەبسیان نەکەین جا خۆشەویستەکانم، وەرن با ئێمەش بەو شێوە، بە ئیمان و وێژدانەوە بیر بکەینەوە و بزانین وەک خۆمان ژیانمان پێ خۆشە ئەژەڵیش ژیانی پێ خۆشە، تکایە وەرن بە جێگەی ئەوە بە داو و بە سگ و تاژی و بە تفەنگ وەگیان ئەو ئەژەڵە هەژار و بێ زمانە بکەوین، بە جێگەی خراپ کردنی ژینگە و کۆشتنی گیان لەبەرەکان، با بچین بۆ دەشت و سەحرا و لە دیتنی ئاژەڵ و گیان لەبەرە جوانەکان لەززەت وەربگرین و بە تەماشا کردنیان بحەسێینەوە، گۆێ لە قاسپەی کەو و گمەی کۆتر و جریوەی چۆلەکە بگرین، چاو لە قەتار کێشانی ئاسک و مەڕەکێویەکان و بەرز فڕینی هەڵۆی بەرزە فڕ بکەین، تەماشای کەژ و کێو و چیا جوانەکان و دەشت و دەرە بە گۆڵ خەمڵاوەکانی کۆردستانی ڕەنگین و ڕازاوەمان بکەین، بڕوانینە پێچ و خەمی ئاوی بەفرا و شەتاو و کانیاوەکان و بزانین چۆن لە کێو و چیاکانەوە بەرەو دەرو و دۆڵ و شیوەکان ڕێگە دەپێون، ئەگەر ڕێگەیان لێ بگیرێ چۆن تووڕە دەبن و پەل دەکوتن و ڕێگەی خۆیان دەکەنەوە و دەڵێن لە سەر مافی خۆمانە تووڕەدەبین.
ژینگه‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ ته‌واوی‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌ بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ كۆمه‌ڵگاكان گرینگیه‌كی‌ زۆر به‌ ژینگه‌ ئه‌ده‌ن، وه‌كو گه‌وهه‌ریكی‌ گرینكی‌ كۆمه‌ڵگاكان سه‌یری‌ ده‌كه‌ن، باسكردن له‌ ژینگه‌ باسكردنه‌ له‌ ژیان، چونكه‌ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌كانی‌ سه‌ر گۆی‌ زه‌وی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، وه‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ ژینگه‌دا ببێت ده‌بێته‌ هۆی‌ دروست بوونی‌ كێشه‌ له‌ ژیانی‌ زینده‌وه‌راندا، چونكه‌ په‌یوه‌ندی‌یه‌كی‌ توند و تۆڵ له‌ نێوان ژینگه‌ و زینده‌وه‌راندا هه‌یه‌. کاوابوو با هەموومان لە پاراستنی ژینگە بەشدار بین و بە ئەرکێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بزانین و بیپارێزین. بە هیوای سەرکەوتنتان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *