یادی مامۆستا هاوار له مەهاباد بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی پێنجشەممه ۲۰ بانهمهڕ، کۆڕی یادکردنەوەی پێشەنگی شێعری نوێی کوردی عەلی حەسەنیانی ناسراو به مامۆستا هاوار له خانهی ۱۳۳۰ی مەهاباد بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆڕەکه دکتۆر زاگرۆس حەسەنیانی کوڕی مامۆستا هاوار بهخێرهێنانی بەشداربووانی کوڕەکهی کرد. پاشان نووسەر و وەرگێڕ سەلاح ئاشتی به خوێندنەوەی وتارێک بە وردی لەسەر ڕۆڵ و کاریگهری مامۆستا هاوار دوا. ئاشتی له بەشێک له وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: له ساڵانی ۳۰ و ۴۰ی هەتاویدا کۆمەڵێک مرۆڤی خوێندەوار دەستیان به زانکۆکانی تاران ڕادەگەیشت که لەوانه دەکرێ ئاماژە به عەلی حەسەنیانی و فاتح شێخولئیسلامی و سواره ئیلخانی زاده بکرێ. ئهوانه وەک سێ یاری نیشتمانی به ئاوڕدانەوە له ئهدەبیاتی خۆمان و کەوتنه ژێر باندۆری کەشوهەوای سیاسی و ئەدەبی سەردەمیانه و شێوەیهک بهخۆداچوونهوە له داهێنانی شێعردا.
له بەسێکی دیکه لە وتارەکەیدا کوتی: لێکدابڕانی ئهو سێ کەسە گەورەترین زەبری له گورچووی ئهدەبیاتی ئێمه وەشاند، چوون پێکهوە بوونیان دەیتوانی ببێت به جەریانێکی شێعری که هەم زمان و هەم ئاسۆی دیدی ئێمـه سەبارەت به ژیان ڕوونتر بکاتەوە.
له درێژهی کۆڕەکهدا دکتور سمایل مستەفازاده، دکتور سەلاح خەدیو، سەدیق ئیسلامیان، ئەحمەد بەحری، حەسەن محەممەدی، عەزیز فازلی، ڕەسووڵ کەیمی و نیما حوسێنی به خوێندهوەی بابهت و وتار و شێحر کۆڕەکەیان ڕازاوەتر کرد.
عەلی حەسەنیانی ناسراو (۱۹۳۹ تاران – ۱۹۹۲ کۆپنهاگ) به هاوار شاعیر و نووسەر و پارێزەری خەڵکی مەهاباد بووە. ساڵی ۱۳۳۸ی ههتاوی به شێعری “جەلاد” یهکهم شێعری نوێی کوردی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسیوە
لە ساڵی ۱۹۵۹ خوێندنی «ماف»ی لە زانکۆی تاران دەست پێکردووە. دواتر لە چەند شاری ئێراندا کاری پارێزەری کردووە. هاوار یەکێک لە پێشەنگەکانی شێعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و شێعری «جەللاد» لە یەکەم شیعرە نوێیەکانی ئەو بەشەیە. «هاوار» لەگەڵ «سوارە» و «چاوە» بە سێکوچکەی پێشەنگی شیعری نوێی ڕۆژهەڵات ناسراون. لەپاش دامەزرانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی (ئینتشاراتی سەلاحەددین ئەییووبی) لە ورمێ و بڵاوبوونەوەی گۆڤاری «سروە»، لەگەڵ ئەم ناوەندەدا هاوکاری هەبووە و لە دامەزرێنەرانی «ئەنجومەنی ئەدەبی» مەهاباد بووە.
بەرهەمەکانی عەلی حەسەنیانی (هاوار):
شاری وێران، کۆمەڵێک وتاری جۆراوجۆر کە لە لایەن ناوەندی سەلاحەددین ئەییووبی لە ورمێ چاپ کراوە.
بزەی زەمەند (گوناهـ)، دیوانی شیعرەکانی کە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەڵمانیا چاپ کراوە.
کارمامز، ڕۆمانێکە کە ساڵی ١٩٩٩ لە هۆڵەندا چاپ کراوە.
دەروێش، ڕۆمانێکە کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ لە مەهاباد چاپ کراوە.
بزەی ژیان، ڕۆمانێکە کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ لە مەهاباد چاپ کراوە.
«بێدەنگیی دەریا»، لەگەڵ «سەلاحەددین ئاشتی» لە فارسییەوە وەری گێڕاوەتەوە سەر کوردی و یەکەم جار ساڵی ٢٠٠١ چاپ کراوە.




