یاداشت ها

بەدەیان ساڵە، ڕێگا و بان و جادەی بۆکان، گیانی ئازیزانمان دەستێنێ

سەلاح نیساری

ئازیز ماڵی گۆڕ لە جوانان پڕە
کۆچی ناوادەت زۆر جەرگ بڕە
لە بێشکەی دڵما بنووە تا ماوم
درۆیە دەڵێن خاک مەیل بڕە

زۆبەداخە، بۆ مللەتێکی بیرتەسک و مردوو پەرست، هەتا کەسە نزکەکانمان لەدەست دەرنەچن، وەک پێویست نە دەیان ناسین، نە دەیان بینین! بەڵام وەختێ لە دەستمان چوون ئەوسا، لە زمانی خەڵکەوە دەزانین کێ بوون، هەر وەک مەولەوی دەفەرمێ:
(هەرچی ئەو کڕی هەرزانی دا
گەوهەرێک منداڵ بە لەتکێ نانی دا)
خۆشەویستی زمان و خەڵکەکەی و بەتایبەت قوتابیەکانی لە دڵی سەید تاهیردا، چرایەک بوو هەمیشە دەور و بەری ڕووناک دەکردەوە.
بۆئەوەی منداڵان بە زمانی کوردی لە چیرۆکە جیهانیەکان بێبەش نەبن، چەندین چیرۆکی لە نووسەری بە توانا ئاندرسێن کریستین وەرگێڕا سەرزمانی کوردی و پێشکەش بە منداڵان و کتێخانەی کوردی کرد، لەو دواییانەدا دەستی کردبوو بە نووسینەوە و کۆکردنەوەی حەقایەتە فۆلکلۆریەکانو یەکەم کاری بەناوی، هەیاس و ئەڵماس لە ساڵی 1401دا چاپ و بڵاو کردەوە، کە بەداخەوە باقی ئەو بیرۆکەیە بە نیوەچڵی مایەوە. لە نێو مامۆستایانی قوتابخانەدا کەمن ئەو کەسانەی ئاوا وەک سەید تاهیر حسێنی عاشقی زمان و تۆرەی کوردی بن. ڕاستە ماستەری لە ئەدەبی فارسیدا هەبوو، بەڵام بێجگە شێعری شاعیرانی فارس، بە سەدان، شێعری لە شاعیرانی کورد، ئەزبەربوو. وەختێک باس لە بابەتێک دەکرا، لە جێی خۆیدا بەیتێک لە شێعری شاعیرێکی کوردی دەخوێندەوە و گوڵی بەگوڵ پەرژین دەکرد.
بە جورئەتەوە دەڵێم ئەو هاوڕێ خۆشەویستە، غەریبانە ژیا، غەریبانە کۆچی دوایی کرد و غەریبانە لە بیری دایرەی پەروەردە و بارهێنان (آموزش و پرورش) چۆوە. موعەلیمێک ماوەی 30 ساڵ زیاتر، لەو دایرە مەزنەدا خزمەتی کرد، ئەندامێکی ئەو خێزانە و ئەو ماڵباتە بوو، بەڵام ئیدارەی آموزش و پەروەرش، ئەو مامۆستایەی بنەماڵەی خۆیان لە بیر کرد و تەنانەت لە رۆژی پرسەکەیدا،13/5/1402 بنێرێکی سەرەخۆشیان لەبەر درگای ماڵەکەی یان مزگەوتی حاجی حەسەنی ئیفتیخاری هەڵنەواسی.
کۆمەڵگایەکی چەقبەستوو داخراو، وەک چۆن کرێکارێک حەوتەیەک لەماڵێک فەعلەیی دەکات و دوای کۆتایی هاتنی کارەکەی مزی زەحمەتی ئەو چەند ڕۆژەی وەردەگرێ و دەڕوات، ئیدی لەبیری ئەو ماڵە دەچێتەوە و هەر ناشیناسن، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانیش وایلێهاتووە.
بەدەیان ساڵە، ڕێگا و بان و جادەی بۆکان، گیانی ئازیزانمان دەستێنێ و گوڵی ژیانی سەدان ئەندامانی بنەماڵە خۆشەویستەکان هەڵدەوەرێنێ، کەچی نەبەرپرسانی شار و نە کاربەدەستانی بەشی ڕێگا و بان گوێیان دەبزوێ و نە موچڕکێک بە دڵیاندادێ! پارە و داهاتی وڵاتەکەمان لە زۆر جێی بێجێ مەسرەف دەکرێت بێ ئەوەی قازانجی بۆ خەڵکەکەمان هەبێت و جادەکانیش ڕۆژنییە خەڵکی شار و لادێکانمان نەکوژێت.
گێژەڵووکەی مەرگ بێوچان لەگەڕدایە و هەر جارەی بە گوڵجاڕێک وەردەبێ و گوڵێک لە ڕەگەوە دەڕنێ و گوڵبزە لەسەر خونچە گوڵێک وشک دەکات.
ڕەشماڵی خەفەت دایمە ئامادەی هەڵدانە و بەلەز لە دووی هەواری خۆشی دەگەڕێ تاکو خێوەتی لێ هەڵدات و تاریکی بە دڵی ئازیزانی وەربکات.
سەید تاهیر حسێنی، مامۆستای خانەنشینی قوتابخانە، نووسەر و وەرگێڕ، دڵسۆز و خەمخۆری زمانی کوردی و فەرهەنگ و ئەدەبی منداڵان، پتر لە 20 بەرهەمی بۆ مندان پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرد.
هاوڕێیەکی مەعنەوی و لە دۆستایەتیدا بێ غەلوغەش، دڵپاک و ڕووڕاست.
ئەوکاتە دڵ خۆش بوو کە قوتابیەک لە مەدرەسە، لەماڵ، لە کۆڕ و کۆبوونەوەدا، بەزمانی کوردی شێعر یان چیرۆکێکی دەخوێندەوە. خەنی دەبوو. هەمیشە مندڵانی هاندەدا شێعری کوردی لەبەر بکەن، کتێبی کوردی بخوێننەوە. ئەوکتێبانەی دەینووسی پێشکەش بە منداڵانی دەکرد و بە دیاری پێی دەدان. خەڵک خۆشەویست و نیشتمان دۆست بوو. هەمیشە دەیگوت: هەر ئەوەندە ژیابام تەنیا ساڵێک لە مەدرەسە بە زمانی کوردی وانەم بەمنداڵان گوتبایە. بەڵام مەخابن مەرگ مۆڵەتی نەدا و گوڵی گەشی تەمەنی هەڵوەراند.
کتێبی هەیاس و سوڵتان مەحموود، لەمانگی گەلاوێژدا لە چاپ دێتەدەرێ وەک دواین بەرهەمی، هەیاس و ئەڵماس چیرۆکی فۆلکۆری، لە 1401دا چاپ و بڵاو بۆوە. کە دڵنیام زۆر کاری دیکەشی بە نیوەچڵی ماوەتەوە. کۆچی ناوەختی سەیدتاهیر حسێنی،نووسەر و وەرگێڕ، خەسارێک بوو بۆ زمان و ئەدەب و کتێبخانەی کوردی. ڕۆحی شادبێ.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا