سایرسبک زندگی

ڕێبوارێک بەرەو بەیان

سەلاحەددین ئاشتی
مەهاباد

هەتا هەناسەی بەگیان‌خۆشی ژیان درێژەی هەبێ و چاوی هیوا بە شوێن ئاسۆیەکی ڕوون‌دا بگەڕێ و بدرەوشێتەوە، کەم نین و کەم نابن ئەو دەرد و کوڵ و خەمانەی کزە لە جەرگ و هەناوی تین‌تێزاوی ئادەمیزاد هەڵدەستێنن و ژانی پێدەکەن و ناهێڵن بسەکنێ. بەگشتی ڕەوتی ژیان ئاوایە، بەڵام چۆنیەتیی شەپۆل و تەوژمی شادی و خەمەکان بەپێی شوێن و سەردەم و کەسەکان جیاوازن و تووشی ئاڵ‌وگۆڕ دەبن.
ڕێبوارانی بەرزەبیری ئەندیشە لەم ڕێبازەدا، بەهۆی وەدی‌نەهاتنی ئاواتەکانیان و ڕەنگنەدانەوەی وردی بۆچوونەکانیان لە ئاکار و زانست و فامین و هەڵوێستی کۆمەڵ‌دا، تووشی شێوەیەک بەخوداشکانەوەی درێژمەودا و گرێی قورسی دەروونی دێن، کە خۆگرتنەوەیان ئەستەمە.
لە نێو توێژی دیار و دەستەبژێردا ئەم ترازانە نەک هەر بیری چارەسەر کردنی بۆ ناکرێتەوە، بەڵکوو زۆر بە سەرسادی پشت‌گوێ دەخرێ و وەک چارەنووسێکی مسۆگەری بێ لێ‌دەربازبوون، سەیری دەکرێ. ئەم لەنگەربەزین و دەردی بە خۆنەزانینە، تێکەڵی کۆمەڵێک بڕوبیانووی ئامادەبەدەست دەکرێ و وەکوو تۆز و خۆڵی خۆلێ‌نەبان‌کردوو بەسەر سەری کۆمەڵانی خەڵک‌دا بە با دەکرێ، واتە ڕاست ئەو کەسانەی کەوا خۆیان بەپێی پشووسواریی زەمانەکە تووشی هەناسەبڕکەی نێو هەزاران داوی دیار و نەدیار هاتوون. پەتای سەرلێ‌شێوان و بەخۆدانەپەڕموون و تووشی گێژاوی قەیران بوون لێرەوە دەست‌پێدەکا. لێرەوە هەناسەی گەرمی ڕێبوارێکی پێ‌پیرۆزی وەکوو دوکتۆر عەزیز گەردی، وەسەر ساردی دەگەڕێ. بە هەموو شتێک و دیدار و دیمەنێک شلوێ دەبێ و ڕەنگی دڵنەخوازی خۆی دەنیشێتە سەری.
عەزیز گەردی ئەو کاتەی زۆربەی هاوکار و هاوپاکانی بیریان لە بەڕێکردنی ڕۆژگار و تێپەڕاندنی ئەرکی پێ سپێراوی میری دەکردەوە، کەوتە سەر بیری خۆڕاهێنان و پاشان داڕشتنی بناغەی شێوە قەڵایەکی لە ڕووخان و لەگیرانەهاتوو لە بواری ئەدەبی‌دا و بوو بە یەک لەو کەسانەی وردەڕیشاڵی زانستی لێکدانەوەی زانستی زمانی بە قەڵەمی مووقەڵێشی هێنایە مەیدانی ژیان و ڕاینا. لێکدانەوەی لەسەر کێش و سەروا و دەبڕینەوەی مەبەستەکان بە زمانێکی پوخت و پاراو، بوو بە بەرهەمێکی دەگمەن لە وێژەی گەلەکەمان‌دا.
بۆیە بە سینەی مێژوودا ڕۆچوو هەتا پێمان بڵێ یەکی وەک شاهەباسی سەفەوی کێیە و چی کردووە و چۆن کەوڵی مەزنایەتیی خستۆتە سەر شانی و لەو دیرۆکە‌دا ئێمە سەروسۆراغمان تا کوێ دیار و بزره و بەڕاستی ئێمە لە کوێ وێستاوین!
ئەوەی گەردی کردی بەرهەمی زانست و هەوڵ و تێکۆشان و ئەزموونی فرەزمانی بوو، جووڵانەوەیه‌ک کە بە سەلیقەی خۆڕسکی زمانی کوردی چواربەندەی پتەو داڕێژرا و چەشنی گەوهەری شەوچرا لە کۆڕی سەرسەرای وێژەی ئەم خاکە‌دا، کە کوردستانە، درەوشایەوە.
ئێمەی ئاشنا کرد لەگەڵ ئەدەبی بێگانە و بە چەند بەرگێکی شیاو بەسەری کردینەوە و بەگوێرەی کتێبی ئەدەبی بەراوردکاری گەلێک سووچ و قوژبنی ون و تاریکی بەرهەمەکان و زمانەکەمانی لا شیرینتر کردین و بە هێنانە ئارای ڕەخنەی ئەدەبی بەرەو ناسینی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بردین.
ئەو دەیزانی خوێندنەوەی ئەفسانە و نەقڵ و نەزیلەی وڵاتانی دوور و نیزیک دەتوانێ کام دەرگا و دەرووی پێویست بە ڕووی خۆمان‌دا بکاتەوە و خاڵە هاوبەشەکان بدۆزێتەوە و گیانی پێکەوەژیانی مرۆڤ لە دەریای بێ‌سنووری مانەوەدا وەکوو ئاوێنەیەکی تەواونما بنوێنێتەوە. هەر لە ئەفسانەی ئەرمەنی و ئەفریقی و تورکی و سلاڤی و فیرعەونەکانەوە بەرەی لێگرت و سەرەنجام لە دەروازەی ئەفسانەی کوردی‌دا بارگەی خست و وچانێکی دا.
بە چیرۆکی بەرئاگردان ویستی و دەیهەوێ وەخۆهاتنەوەیەک هەموو لایەک بگرێتەوە و بەسەرهات و پەند و گۆڵمەزەکانی نێو بەندیخانە ببنە کۆمەڵێک پەند و ئامۆژگاری بۆمان. بە ڕۆمیۆ و ژولیت ئاگرێکی تازەی بۆ زمانەکە کردەوە و بە پێکگرتنی چەند دەقێک کردی بە یەک لە بەرهەمە هەرە ناوازەکان لە وەرگێڕان‌دا. بە وەرگێڕانی دوو بەرگی داغستانی من، ڕەوتی گەشەی بیر و بووژانەوەی سەربردە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە عەتری زمان تام‌وبۆنێکی وەک نانی گەرمەتەندووری پژاندە نێو کاسە و کەوێڵی کوردی.
لە ڕاستی‌دا ئەگەر لە کارە زانستییەکانی لادەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئوستاد عەزیز گەردی بە وەرگێڕانی ئەم گشت ئەفسانە و چیرۆکانە، لەلایەکەوە ویستوویەتی هەستی دەروونی خۆی دامرکێنێ و ئۆخژنێک بخاتە هەناوی و لەلایەکی دیکەشەوە، بێ‌ئەوەی بە منەتی بزانێ، وانەی گەلانی جیاوازی بۆ گێڕاوینەوە و ئاستی ڕوانینی ئەوانی بۆ گێڕاوینەوە و پەرژینی نەزانین و نەناسینی فەرهەنگ و مێژوویانی لەسەر ڕێگامان لابردووە. بردووینی بۆ دنیایەکی دیکە و دیتنی دیمەنی کچی بەرەبەیانێکی گوڵاوپژێن لە گۆشەیەکی هەرگیز نەدیتووی ئەم جیهانەدا.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا