جامعه

چیرۆکی ئەو ژنە کوردەی بۆتە جێی متمانەی کۆشکی سپی

یەکەمجارە لە مێژووی کورددا، بایەخ بە هەواڵی باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە بولگاریا دەدرێت، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەکەمجارە کوردێک پۆستێکی وا باڵا لەمێژووی ئەمریکادا وەربگرێت. ئەم هەواڵە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو چ بە پێشوازییکردن لێی چ بە کەمکردنەوەی بایەخی ئەوەی ژنە کوردێک باڵیۆزی ئەمریکایە. هێرۆ مستەفا ساڵانێکی زۆرە تێکەڵی دیپلۆماسیەتی ئەمریکی بووەو چەندین رۆڵ و بەرپرسیارێتی پێدراوە. بەڵام لە هیچکامیاندا هێندەی پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە بولگاریا نەبووە جێی باس.
کچە تاقانەی خێزانەکەی
هێرۆ ساڵی ١٩٧٣ لە هەولێر لە دایکبووەو یەکەم منداڵی قادر محەمەد ئەمین مستەفا و نەسرین محەمەد عەبدوڵڵایە. ئەو تاقانەی سێ برایە بەناوەکانی هەڵۆ و هەورۆ و بارزان.
تەمەنی هێرۆ یەک ساڵ دەبێ کاتێ ساڵی ١٩٧٤ شەڕ لەنیوان شۆڕشی کورد و حکومەتی بەعسدا دروست دەبێتەوە. چونکە باوکی هێرۆ ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستانە، باوکی دەچێتە چیاو لەگەڵ پیشمەرگەدا دەمێنێتەوە. ساڵی ١٩٧٥ شۆڕشی کورد هەرەس دەهێنێ و خێزانەکەی هێرۆ وەکو هەزاران خێزانی تر، ئاوارەی ئێران دەبن. پاش ساڵێک مانه‌وه له که‌مپی ئاواره‌کان له ئێراندا، ساڵی ١٩٧٦خێزانه‌که‌ی هێرۆ روو لە ئەمریکا دەکەن و لە شاری ماینێت لە ویلایەتی نۆرس جێگیر دەبن. هێرۆ هەر لەو شارەدا خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو دەکات.
قادری باوکی هێرۆ کە ئێستا لە ئەمریکا دەژی بۆ “زەمەن” وتی: “هێرۆ قۆناغەکانی خوێندنی زۆر بە باشی بڕیوە. تا ناوەندیشی تەواو کرد، هەموو ساڵێک بە پلەی یەکەم دەرچووە. من خۆم سەرسام بووم بەو هەموو زیرەکیی و لێهاتووییەی هێرۆ. ئێستاشی لەگەڵدابێ یەکێکە لە ژنە زۆر بەتواناکان کە بۆ ساتێ نایبینی دابنیشێ و ماندوو ببێ.”
ساڵی ٢٠٠٩ فیلمسازی ئه‌مریکی (کیرک ڕوس) که یه‌که‌مین هاوڕێی ئەمریکیی هێرۆبووە و خه‌ڵکی شاری ماینێتە که یه‌که‌مجار خێزانه‌که‌ی هێرۆ لەوێ گیرسانەوە، فیلمێکی دۆکیومێنتاریی له‌سه‌ر ژیانی هێرۆ دروستکرد به‌ناوی “هێرۆی ئەمریکا” تێیدا چیرۆکی ژیانی ئەو ژنە ده‌گێڕێته‌وه.
هێرۆ لەناو هاوڕێ و هاوکارەکانیدا به‌وه ناسراوه که توانایه‌کی زۆری هەیە له فێربوون و قسه‌کردن به زمانی جیاواز. باوکی لە قسەکانیدا بۆ “زەمەن” وتی: “زمانی کوردی، زمانی ئاخاوتنی خێزانەکەمانەو هەموو منداڵەکانم زۆر بەباشی قسەی پێدەکەن. بەڵام چونکە نەیانخوێندووە، ناتوانن بە کوردی بنووسن. هێرۆ دەتوانێ بە پیتی لاتینی کوردی بنووسێ، بەڵام بە پیتی عەرەبی نازانێ.”
بێجگه له زمانه‌کانی ئینگلیزی و کوردی، هێرۆ به زمانه‌کانی عه‌ره‌بی و تورکی و ئیسپانی و یۆنانی دەتوانێ قسە بکات.
سەرەتای کاری دیپلۆماسی
ساڵی ١٩٩٥ به‌کالۆریۆسی له (ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی) وه‌رگرت له زانکۆی جۆرج تاون، پاشان ماسته‌ری له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وه‌رگرت له زانکۆی پریسنتۆن. باوکی دەڵێت: لە ئاهەنگی دەرچوونی لە زانکۆی جۆرج تاون، هێرۆ هەستا قسەی کرد و سەرەتا بە باسی کورد و کوردستان دەستیپێکرد کە بۆ خۆی ئەمەی زۆر پێخۆشبوو.
هەرکە زانکۆی تەواو کرد، هێرۆ له ڕێکخراوی ناحکومییه‌وه ده‌ستی به کارکرد تا له ساڵی ١٩٩٩ تێکەڵی بواری دیپلۆماسیەت بوو، سەرەتا له بەشی خزمه‌تگوزاریی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا. یه‌که‌مجار له ئه‌سینای پایتەختی یۆنان وه‌کو ئۆفیسه‌ر بۆ کاروباری مافه‌کانی مرۆڤ، ئینجا له به‌یروت وه‌کو ئۆفیسه‌ری دیسکی ئێران له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی و پاشان هاوکاری کۆندۆلیزا رایس بۆ کاروباری عێراق دواتر هه‌ماهه‌نگیکاری بریمه‌ر بۆ بارودۆخی موسڵ ئەرک و بەرپرسیارێتی پێدرا.
هێرۆ ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ راوێژکاری جێگری سەرۆکی ئەمریکا (جۆ بایدن) بوو بۆ کاروباری خۆرهه‌‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. پاشان له هیندستان و ئینجا پرتوگال کاری دیپلۆماسی کردووه. پێش ئه‌وه‌ی تره‌مپ له‌م مانگه‌دا هێرۆ وه‌کو باڵێۆزی ئەمریکا له بولگاریا دەستنیشان بکات، ئه‌و ساڵی ٢٠١٦ جێگری به‌رپرسی تیمی ئەمریکی بوو له باڵیۆزخانەی ئەمریکا له لیشبۆنه‌ی پرتوگال. هێرۆ مستەفا یەکێکبووە لەوانەی لە نزیکەوە چاودێری دانوستانەکانی گروپی (٥+١)ی لەگەڵ ئێران کردووە. ساڵی ٢٠٠٥ بە ئەرکێکی سیاسی لە شاری موسڵ کاری کردووە و چەند بەرپرسیارێتی سیاسی لە لوبنان و یۆنان و ئەفغانستانیش هەبووە.
بووکی هیندستان
سالی ٢٠١٢ دوای ئەوەی کۆتایی بەکاری راوێژکارییەکەی دێت لای جۆ بایدن، هێرۆ بەکاری دیپلۆماسی دەچێتە هیندستان و لەوێ دەمێنێتەوە، لەو کاتەدا لەگەڵ پیاوێکی هیندی بەناوی (رەڤنیش) هاوسەرگیریی دەکات، ئێستا بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە دوو کچە بەناوەکانی ئاشنا و ئاریانا.
قادر محەمەد ئەمینی باوکی هێرۆ بۆ “زەمەن” ئەوەیشی وت: “کە نە خۆی نە منداڵەکانی، ئەندامی هیچ حزبێکی کوردستان نین. من بۆ خۆم لە ١٩٥٩ تا ساڵی ١٩٨٢ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووم، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٢ بەدواوە ئەندامی هیچ حزبێک نیم، وەکو یەک لە هەموو حزبەکان هاوڕێ و ئاشنام هەن. ئێستا زۆر شانازی بە هێرۆی کچمەوە دەکەم. وێنەیەکی خۆی‌و جۆ بایدنم لایە بایدن بە خەتی خۆی لەسەر وێنەکە نووسیویەتی “چەندە سەرسامە بە لێهاتوویی و زرنگیی هێرۆ”.

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا