فرهنگ و هنر

فەرهەنگی بەفر

حاجی عەبدوڵڵا حەمزە

بەفر: وەفر، ڤەور، وەروە، ڤەرڤە، بەرف،
لە کۆتایی ڕۆژەکانی وەرزی پاییزێ و زۆربەی ڕۆژەکانی وەرزی زستان و ڕۆژەکانی سەرەتای بەهار له ناوچە کوێستانیەکان بەفر دەبارێ.
گلێێرە: ئەگەر هەوا زۆر سارد بێت و بەفر بە کلووی ورد و زۆر بچووکتر لە تەرزە ببارێ، پێی دەڵێن: “گللێرە”
کلوەبەفر: بە ئەو دانکە بەفرانەی لە هەور دەبارێن پێی دەڵێن: کلوو (کلوە بەفر)، دانکی بەفر
بە یەک جار بارینی بەفر، لە کاتی یەکەم کلوو تا دەیکاتەوەو ئاسمان ساو و ساماڵ دەبێتەوە، پێی دەڵێن: (نـــــــــــوا)
بۆ نموونە دەڵێن: نوایەک بەفر باریوە. یا دەڵێن: خودایە، نوایەکی دیکەش ببارێ.
ئەگەر بەفر دەبارێ و “با” بە ئەم لاو و ئەو لاوی دا دەدات، دەڵێن: (کڕێوە).
بۆ ئەندازەگرنی ڕادەی بەفر، ئێستا میتر ۆ سانتیمیتر بەکار دێنن،بەڵام پێشوو ئه ندازه بە هۆی ئەوەی مرۆڤ دەبوو بۆ بژیو و هەڵس و کەوتی ژیانی بەفری بڕیبا و بەفری لادابا، ئەندازەی بە ئەندامەکانی لەشی پێوانە دەکرد. وەک ئەو نموونانە
پەنجەپێ یا یا کەوشگرێک
ئەگەر بەفر بە بەرزایی لە پانی پێ زیاتر نەبا و هەر بەری پێی کەوش بگرێت، پێیان دەگووت: پەنجە پێیەک یا کەوشگرێک یا چڵکنە بەفرێک باریوە.
قاپێک= ئەگەر بەفر پێی مرۆڤی بە کەوشەوە تێدا ون ببێ و هەتا قاپ یا گرێ خڕە یا گوێزینگی پێ بێت، دەڵێن: قاپێک یا گوێزینگێک باریوە.
قولانجێک=ئەگەر بەفر بە بەرزایی نێوان دوو سەری قامکی شادە و قامکی قەڵەوی دەست ببارێ، پێی دەڵێن: قولانجیک باریوە.
بستێک=ئگەر بەفر بە بەرزایی نێوان سەری قامکی باریک (قلیچە) و سەری قامکی قەڵەوی دەست ببارێ، دەڵێن: بستێک باریوە.
ئەژنۆیەک= ئەگەر بەفر بە ڕادە و بەرزایی هەتا ئەژنۆی لاقی مرۆڤی تێدا ون بێ ببارێ، دەڵێن: ئەژنۆیەک باریوە.
پشتێنێک= ئەگەر بەفر بە بەرزایی هەتا نێوقەدی مرۆڤ، واتە هەتا پشتێندی مرۆڤ ببارێ،،دەڵێن: پشتێندێک باریوە.
بەژنێک= ئەگەر بەفر هەتا سینگی مرۆڤ ببارێ، دەڵێن: بەژنێک باریوە.
باڵایەک(له ملان) = ئەگر بەفر هەتا شان و ملی مرۆڤ ببارێ، دەڵێن: باڵایەک بەریوە.یا بەژنێک باریوە.
بــــاپـــــزوو= ئەگەر بەفر باری و “با” بەفری زۆری دە شوێنێک پەستاوت و لەو شوێنە بەفری زۆر کۆبۆوە، پێی دەڵێن: باپزوو
باڕن= کاتێک بەفری جێگایەک بە “با”
لادەچێ و بەفری لێ کەم دەبێ یا بەفری لێ نامێنێ
“با” ئەو بەفرە دەڕنێ
سووانە(سوێ)= بەفر بە هۆی باپزوو یا به هەر شێوەیەک کۆدەبێتەوە و لایەکی شۆڕ دەبێتەوە، دەڵێن: بەفر سووانەی ساز کردووە.
ڕنـووو( هەرەس، ڕندوو)=بەفرێک بە باپزوو سوانەی کردووە. بەفری زۆری جێگای به رز وەک کێو و دۆپ و نواڵ کە لەسەر یەک هەڵچنراو و کەڵەکە بووە، بە دەنگی گرمەی هەور یا بە تین و تەوژم “با”، یا بە تەڕبوونی بارانێکی زۆر بەشێکی دەخزێ و بەسەر بەشەکانی دیکەی بەفر دا دێتەخوارێ و هەمووی پێکەوە بەرەو خوار دەخزن و تل دەخۆن و گلۆر دەبن و هێزێکی گەورە ساز دەبێ و گرمەو هاڕەی دێت و هەرچی لەپشی دایە بەرەوخوار دەیبات و پێی دەڵێن: ڕنوو یا ڕندوو.
ڕه هۆڵ= ڕێگەیەک یا دیوێک (هۆڵ) کە لە ژێر بەفردا درووست بووە.
ڕندۆڵ= ڕێگەیەک یا دۆڵێک کە لە ژێر بەفر دا دروست بووه.
کەورگ= پەنا و پەسیو و نوایەک کە بە بەفر سوانە و سوێی کردووە، وەک پەنا بەرد و شاخێک وایە و ئاژەڵی کێوی، وەک ڕێوی و کەروێشک و …، خۆی تێدا حەشار دەدەن و خۆی تێدا دەشارنەوە.
شوێن= جێگای پێی ئاژەڵ و مرۆڤ یا هەر قووڵ بوون و ڕێچکەیەک لە سەر بەفر
جۆگه ت(ڕچە)= ڕێگایک کەبەنێو بەفری شل و تازە باریو دا بە هۆی پێداڕۆیشتنی مرۆڤ و ئـاژەڵ یا بە دەستی مرۆڤ و ئامێری مرۆڤ سازبکرێت پێی دەڵێن: جۆگەت
یا
ڕچە: ڕێگای سەر بەفر، جێپێی ڕێبوار لەسەر بەفر، جێپێی ئاژەڵ لەسەر بەفر.
هەزارە= کەروێشک بۆ ئەوەی شوێنی هاتن و ڕۆیشتنی ون بێت ، چەندین جار لە سەر بەفر لە شوێنێک هات و چۆ دەکات و دێت و دەچێ،وەک ڕایەڵەی جاڵجاڵووکە نازانرێ شوێن پێی دەسپێکی هاتنی و شوێنی پێی کۆتایی ڕۆییشتنی لە کوێە؟ پێی دەڵێن:هەزارە
“کەروێشک هەزارەی کردووە)
شیخەسۆڵ = ئاوی بەفر و باران یا هەر ئاوێکی لە بەرزایی لە زستان دا، دێتەخوار و بەهۆی ساردی هەوا دەیبەستێ، پێی دەڵێن: شیخەسۆڵ ،شاخەسۆڵ، یا سیخەسۆڵ، شیخاڵ
سەهۆڵ= ئاو لە دەفر و کاسەدا بێ یا ل سەر زەوی ڕژابێ یا لە چۆم و کانی و گۆلاو بێ، ئەگەر بە هۆی نزمی پلەی گەرما یا سەرما بیبەستێ،پێی دەڵێن: سەهۆڵ ، سۆڵ
قەندیل = بە سەهۆڵ و بەفرێک کە لە سەریەک کەڵەکە و کۆ ببێ،پێی دەڵێن: قەندیل. بە شیخەسۆڵیش دەڵێن: قەندیل.
بەفرانبار= یەکەم مانگی زستان کە بەفری تێدا دەباری.
ڕێبەندان= دووهەم مانگی زستان کەبەفری زۆر تێدا دەبارێ.
شڵێوە: بارینی بەفر و باران پێکەوە
دوو دانگ = بەفر و باران پێکەوە ببارێ
پڕووشە بەفر/ بۆڕۆش = بارینی دانە دانەی وردی بەفر
پەپوولە باران= بارینی هێدی و خۆبادانی کلوە بەفر کە وەک پەپوولە ئەم لاو و ئو لا دەکات و سەما دەکات.
لاسامە = بارینی بەفرێکی لە ڕادە بەدەر بە خێرایی و لابەلا (بەفر یا باران) کە دەبێتە هۆی زەرەرد و زیان.
زوقم،سیخوار = تەوژمی سەرما، یا بەفرێکی سووک و کەم دەبارێ، یا بە هۆی سەرمای زۆر شێ و تەڕایی و نمی هەوا لە شەودا لە سەر داران و تەنانەت سەر زەوی دەیبەستێ و وەڵات وەک هێندێک بەفر باریبێ سپی دەبێ.
بۆران = بارینی پەیتاپەیتای بەفر بە ماوەیەکی چەند ڕۆژە کە ەفرێکی زۆر لە سەر زەوی بکەوێ.
شڵتوشۆ: بەفرێکی تەڕ دەبارێ و لە سەر زەوی زوو دەبێتە ئاو
زیلکەبفر: بەفرەبووڵکە، بەفرەژیڵکە، بەفری زۆر دەنک ورد.
کلیلەبەفر: باپێچ، بەفرێکی زۆری کەڵەکەبوو کە با کۆی کردبێتەوە.
بفراو: ئەو ئاوەی پاش توانەوەی بەفر دێتە خوارەوە. ئەو ئاوەی بەفری تێ دەکرێت.
وەروەرە: شاپاڵۆخ، شاپاڵۆغ، بەفرماڵ. لە تەختە و دار درووست دەکرێت و دەمێکی پانی هەیە، بەفری سەربانی ماڵانی پێ دەماڵرێت.
سیخچە: چلوورە، سیخەسۆڵە. ئەو سەهۆڵە تیژەی کە لە کاتی سەرمای زۆردا بە گوێسەبانەی ماڵاندا شۆڕ دەبێتەوە و دیمەنێکی سەرنجڕاکێش درووست دەکات.
(بڕوانە شیخەسۆڵ)
ڕەشایی: ڕەشانگە. ئەو شوێنەی بەفرەکەی چووبێتەوە و توابێتەوە.
چاڵەبەفر: ئەو چاڵەبەفری لە زستان دا تێدا بۆ هاوین کۆدەکرایەوە، چاڵەبەفری
چاڵەبەفری سرووشتیی: ئەو چاڵ و قووڵاییانەی نێو چیا کوێستانەکانن کە شوێنەکەیان نزار یان سێبەرە. بە درێژایی وەرزی بەفربارین پڕ دەبن لە بەفر و تا وەرزی گەرما ناتوێنەوە. هەندێکیشیان دیسانەوە بەفری ساڵی ئاییندەیان بەسەردا دەبارێت.
چاڵەبەفری دەستکرد: لە زستاندا لە چیای کوێستانەکان، لە جێگای نزار و نەسرمدا، چاڵێکی گەورە هەڵدەکەندرێت و پڕ دەکرێت لە بەفر. جوان دەشێلرێت و پووش و کا دەکرێت بە سەریدا، پاشان بە گەڵا و لق و پۆپی داران دادەپۆشرێت.
ئەوجا ئیتر لە کاتی وەرزی گەرمادا خەڵکی دەڕۆن بە کۆڵ، یان بە کەر و هێستر، باریان دەکەن و دەیانهێننەوە بۆ ماڵان یان لە گوند و شاران دەیفرۆشن.
خلیسکە، خلیسکێنە: یاری هەڵخلیسکان لە سەر بەفر
بووکە بەفرینە، پەیکەری بەفرین، شێرەبەفرینە، کۆتەڵی بەفر: سازکردنی پەیکەری مرۆڤ یا ئاژەڵ بە بەفر
بەستەڵەک: ئەگەر بافر هەتاو لێی دەدا، یا بارانی بەسەردا دەبارێ، توێخی سەرەوەی گەرم دادێ و دەبێتە ئاو، ئەگەر شەوانی دواتر زۆرساردە، دەیبەستێ و بەسەریدا بڕۆی ڕۆناچی و بەفرەکە ناشکێ، پێی دەڵێن: بەستەڵە، پەستەڵەک

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا