سینەما سەعدی بۆکان (شەوی پاییزه! وەیخوێنەوه!)

علی حقیقی

له ساڵانی ۴۵ بەملاوه سینەمای بۆکان به ناوی سینەما سەعدی دەست به کار بو.دانەری سینەما بەڕێز غەفور ئاشناگەر بو، پیاوێکی ئێگجار نەجیب و چاک. ڕێزی له هەمو کەس دەگرت و هەڵس و کەوتی زۆر شارستانیانه بو، ئەو کارەشی خزمەتێکی گەوره بو به شارەکەمان که بڕێ بێکار و وەڕەزی لەوێ سەر قاڵ دەکرد.
ببوه هۆی دڵخۆشی بەشێکی زۆر له خەڵکی شار (خودا له هەمویان و له مردوی هەمومان خۆش بێ) ئاپاڕاتچی (عەلی ئاغا ناوێک بو، کەمێک دەشەلی)هەمزه هاوکاری دەکرد، به هەمزەی سینەما مەنشور بو.پیاوێکی قوڵه بنه و پتەو و قەوی. هەرکیان تورک بون، لە بیرمه هەمزه پێنج یان شەش کوڕی سەر و پێچکەی پێچک ئەستوری ڕەشتاڵەی هەبون.پیاوێکی بۆکانی بو که بڵیت فرۆش بو بەڵام توڕه و تۆسن، هەتا خودا حەز دەکا خوێنتاڵ و بەدگوز بو بەد ئەخلاق، خۆزگەمان به تورکەکان دەخواست.
پاسەوانێک به ناوی عەسگەر ئاغا جار و بار لەوێ ڕادەوەستا بۆ ئەوەی ئاگای له خەڵک بێ، به شەڕ نەیەن، که ئەویش هەر تورک بو.حەسەن ئاغایەکیش لەوێندەرێ کۆنتڕۆڵچی بو.ئێمه که زۆر مناڵیش نەبوین و بڕێک باوخۆش بوین ڕادەوەستاین تا فیلم دەستی پێ دەکرد.دو قڕان یان سێ پەناتمان(تمەن ده قڕان بو،قڕانیش دو پەنات) له مشتی حەسەن ئاغا دەنا! فێرمان کردبو! چراگازێکی پێ بو بەو چراگازه له ساڵۆنی چونه ژوری سینەمای(که زۆر تاریک بو) دەگرت و ئێمەش به غار دەچوینه ساڵۆنی ئەو سەری سینەما.که فیلم تەواو دەبو و دەهاتینه دەرێ چاومان به شەواره دەکەوت تا ماوەیەکی با.
دەبێ ئاماژه بەوه بکەم (ساڵۆنی سینەما ساڵونێکی درێژ بو )سێ بەش کرابو، بەشی پێشەوه ۵ قڕانی بو، بەشی ناوەڕاست ۱۰ قڕانی و بەشی ئاخر یان به قەولێک لۆژ که بۆ خانەوادەش بو ۱۵ قڕانی و دو تمەن بو.زۆر بەی فیلمەکان فەردینی تێدا بو که ئاوازه خۆشەکانی ئیرەجی گۆرانیبێژ له زار ئەوەوه بڵاو دەکراوه بەو مانایه فەردین فەقەت دەمی دەجوڵاوه( بیک ایمانوردی، ظهوری، آرمان، بهروز وثوقی، سپهرنیا،همایون،گرشا، متوسلانی و ملک مطیعی).
یەک له هەره بینەرانی هەمیشەی ئەو سینەمایه ئۆڕۆج بو کە زگماک کوێر بو.هەمیشه سیغارێکی بە لێوەوه بو.تەختەیەکی به ملەوه هەڵداوەسی که تۆگوڵەبەڕۆژه و ئادامس و شیرینی له سەر بو.
که چرا هەڵ دەبۆوه ئۆڕۆج به نێو دانیشتوان و تەماشاچیانی سینەما دا دەگەڕا و شتی دەفرۆشت.زۆر جاران لێم دەپرسی تۆ خۆ نابینی چۆنه دادەنیشی و وەکو ئێمه تەماشا دەکەی؟!
دەیکوت به گوێ داستانی فیلمەکه دەبیستم و لێی حاڵی دەبم.ئۆڕۆج کەڵەگەت بو، ئارام قسەی دەکرد و برێ بۆ پێشەوه خوار ببۆوه.ئێگجار فەقیر حاڵ و به ئەدەب بو.دوکانێکیش وەک سوپر مارکت ئەویش له پەنا سینەماکەوه بو.سیاحەبی “غوڵامه لاڵ” بو که له سینەما و فیلمەکانی سەیرتر بو.
لێره دا ئەو نەقڵەم بیر کەوتەوه:
بەڕێز سەعیدی مودیری مەدرەسەی “صلاح الدین ایوبی” بو، دەبیرەکانی زۆربەیان تورک بون.که لێیان پرسی بو چۆنی؟! کوتبوی جا چۆن بم هەرچی فکری لێ دەکەمەوه لەو مەدرەسەیه دا هەر من و ئەو تابڵویه کوردین، ماباقی هەمو تورکن! بەڵام ئەو کاتیش وابو بۆکان، وەک ئێستا نەبو، پڕ بو له تورک. “برادران” دو برای تورک بون لێره شیرینییان دەفرۆشت و پێموایه کارخانەیەکی چوکی قەندیان دانابو.
مەشەدی سمایلێک هاوسامان بو،عەلادین و چرا گڕسۆز و تورومپا و ئەو قەبیلانەی تەعمیر دەکرد.
وەستا ئەحەدێک له سەروی ماڵی ئێمه بو،ماڵەکەی کاروانسەرا مانەندێک بو.زۆر جاران دەمان دیت ورچێکی زەلام له حەوشەی ماڵی وەستا ئەحەد ئەوە قەمتەر کراو به گوڵمیخێکیانەوه بەستۆتەوه(له لوت یان کەپۆی ڕا زنجیر کرابو.یانی لوتیان کون کردبو، زنجیریان تێهەڵکێشابو).
“طالبی” ناوێک له فەلەکەی هەوەڵی بۆکان سوپرمارکتی بو.
ئەحمەد ئاغای میعمار موهەندیس و هەمه کارەی شارەداری و ئاغاکان بو، بۆ پێوانی زەوی فرۆشراو و کار و باری شارەداری.هەر ئەو ئەحمەد ئاغایه به فەرمایشی بەڕێز غوڵامی ئێرەڵماسی هێنا بۆکان.
ماڵی مەشەدی سمایل له پەنا ماڵی مه بون.سمایل هەشت، نۆ کوڕی بو،کچی نەدەبو، خاتونی هاوسەری ساڵیکی حامیله بو، نەزری کرد کچی بێ نێوی بنێ ئایشێ! ئەزقەزا بەرهەمی ئەو ساڵەی کچ بو و نێویشی نا ئایشێ گوڵ! ئەو کات هەمو کار و باری ئیداری و ئەو قەبیلانەی بۆکان له ژێر چاوەدێری و دەسەڵاتی مەهاباد دابو، تەنانەت مامۆستاشمان لەوێڕا بۆ دەهات.
بۆکان شارێکی چوک و خنجیلانه و پڕ له باغ وباغات و چۆم و دار بو.تا ئەولای قەپانی قاسم ئاغا و پەنا حەوزه گەوره و بڕێ بەولاوەتر بو، پاشان ئاوا له بەر یەک کشاوه و ڕەوێوەتەوه! و پەرەی ساندۆ.
ماباقی بۆ کاتێکی دی با وەڕەز نەبن و ماندو!!!!!

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا