جامعهفرهنگ و هنر

ئەو قەڵەمە عاشقەی وشەی گڕی لێدەچۆڕێ

ئەمین گەردیگلانی

لەو کاتەوە مرۆڤ هەستی بە چێژی ڕۆحی و عەشق کردووە، لەو کاتەوە مرۆڤ هەستی بە خەم و ئازار و تەنیایی کردووە، شیعر هەیە. ئەو کاتەی مرۆڤ نووسینیشی نەزانیوە لە ڕێی دەنگەوە هەستەکانی خۆی کردووە بە شێعر و گۆرانی. شیعر هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ مرۆڤدا هاتووە و لە دڵ و ڕوح و خوێنیدا بووە و هەر دەشبێ. مرۆڤ هەمیشە بە ئارەزووەوە ژیاوە و هیوای بۆ داهاتوو و بۆ ژیانێکی شیرین و دوور لە تاڵی و کێشە و هەرا خواستووە. هەمیشە ئارەزووی بۆ خۆشەویستی و عەشق و جوانی خواستووە و ئەو ئارزووەی بە کردەوە نەیتوانیوە پێی‌بگا، لە ڕێی شیعرەوە بەرەوپیری چووە. چونکە شیعر زادەی ڕۆحی مرۆڤە و نەرمی و زبری و تاڵی و شیرینی و چێژی شیعرەکانیش گوزارش لە ڕۆحی شاعیرەکە دەکەن و پێمان دەڵێن ئەو شاعیرە لە چ سەردەمێکدا ژیاوە و چ هەستێکی هەیە و خولیاکانی چین. ئەو شاعیرانەی درۆ لەگەڵ هەستی خۆیاندا دەکەن و بە دەمامکی درۆیینەوە دەژین و ڕوخساری ڕاستەقینەیان لە خەڵک دەشارنەوە، نووسینەکانیان هیچ کات ناچنە دڵی خەڵکەوە و زۆر زوو دەمامکی سەر ڕوخساریان دادەکەوێ و ڕوخساری ڕەش و ڕاستەقینەیان وەدەر دەکەوێ و وەک گوڵەبەڕۆژەیەک کە گوڵ و خوڵامانەکەی دەوەرێ، دەموچاوە ڕەشەکەیان دەردەکەوێ و نووسینەکانیشیان دەبنە تۆزی بەربا. مێژوو ئەوەندەی دڵفراوان و باوەش بەرینە ئەوەندەش دڵڕەق و بێ‌بەزەییە و وەک چۆن باوەش بۆ هەستە بێگەردەکان و دڵە پاک و یەکڕەنگەکان دەکاتەوە هەر بەو شێوەیەش زۆر بە خێرایی دەنگ و ڕەنگە تاڵ و گورگەمێش و درۆکامینەکان تووڕ هەڵدەدات و زڕەبەرهەمەکانیشان وەک ناوکە چەقالەی تاڵ تف دەکاتەوە.
شیعر هەست و سۆز و خەیاڵی مرۆڤە و هەوێنی ڕۆحە. ئەگەر شیعر نەبێ گۆرانی و مۆسیقاش تام و چێژیان نابێ و دڵی گوێگر نالاوێننەوە. چونکە شیعر و گۆرانی هەردووکیان هەڵقوڵاوی ڕۆحی تاسەمەند و تامەزرۆی مرۆڤن. ژیان بە عەشقەوە ناوی ژیانە و دەربڕینی ئەو عەشقەش زمانی دەوێ؛ زمانی عەشق شیعرە و زمانی شیعریش گۆرانییە. شیعری ناسک و پڕ هەست و خەیاڵاوی زۆر زوو باوەش لە ڕۆحی خوێنەر و بیسەرەکەی وەردێنێ و لە دڵی دەنیشێ؛ هەر بۆیە لە قەدیمەوە گوتوویانە ئەوەی لە دڵەوە بێ لە دڵ دەنیشێ.
بەم پێشەکییەوە دەمەوێ بەرەوپیری هەست و وشە و خەیاڵی بێخەوشی ساڵح بێچار بچم و بڕێک لە گوڵە شیعرەکانی لە باخچۆڵەی دیوانەکەی بچنم و پێشکەشی سەرنجی سەوزی ئەو هەستیارەتامەزرۆیانەی شیعری بکەم کە حەزیان لە وشە و تێکستی جوان و ناسک و خەیاڵاوییە. ساڵح بێچار، ژیانی خۆی بە شیعرەوە گرێداوە و دڵە بێگەردەکەشی لە ئینجانەی خەیاڵدا بەرامە و ڕەنگی عەشق بۆ عاشقان دەکاتە دیاری.
ساڵح بێچار، کوڕی ڕۆژە و لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەژی، کارەسات و خەم و نەهامتییەکانی کورد و نیشتمانە ئەنجن‌ئەنجن کراوەکەی چرکە بە چرکە هەڵیدەچۆقێنێ و فرمێسکی پێهەڵدەوەرێنێ. لەگەڵ ئەوەدا عاشق و شەیدای ئەوینی ژنە و کڕنۆش بۆ جوانیی ئافرەت دەبا، سەد ئەوەندە ئەوینداری خاک و خەڵکە. بۆیە لە هەر لایەکەوە ئەم وڵاتە لەتوکوتە بریندار بووبێ خوێنەکەی لە دڵی ئەو دەچۆڕێ. لە هەر شوێنێک کوردێک خەم دڵی گەستبێ فرمێسک لە چاوی ئەو هەڵوەریوە.
پێش ئەوەی ساڵح بێچار بناسم و لە نزیکەوە بیبینم، لە ڕێگای گۆرانیی هونەرمەندەکانەوە چێژم لە شیعرە ناسکەکانی وەردەگرت و بە ئاواتەوە بووم شێعرەکانی بخوێنمەوە و لە نزیکەوە چاوم بە خۆی بکەوێ. باش بوو ئەو ئاواتەم هاتە دی و ساڵی 2016 لە فێستیاڵی گەلاوێژ بە دیداری شاد بووم و بوومە میوانی دڵە گەورەکەی و ماڵە گەرموگوڕ و کوردانەکەی. هەر ئەو کاتە بۆم درکەوت لە زۆر لایەنەوە دڵمان لێک نزیکە و ئەوین و خولیاکانمان زۆر لە یەک دەچوون. بۆم دەرکەوت جگە لە شێعر و ئەدەب و نیشتمانپەروەری ئەویش وەک من عاشقی چیا و سروشت و ژینگە جوانەکەی کوردستانە و حەزی لە شاخەوانییە.
ڕۆژی هەینی بەرنامەی شاخەوانییان هەبوو، داوای لێکردم لەگەڵیان بچم. گوتم خۆ من لێرە کەوش و کەلوپەلی شاخەوانیم پێ نییە. گوتی تۆ هەر بڵێ دێم کارت بەوە نەبێ ژومارەی کەوشەکانتم پێ بڵێ و تەواو. پێم گوت و سبەینێ سەعات پێنجی بەیانی بە پۆتین و کەلوپەلی شاخەوانییەوە هات بۆ هوتێل و لەگەڵ گورووپی شاخەوانی سلێمانی بەرەو چیای دڵگیر و سەربەرزی بازیان وەڕێکەوتین. بە ڕاستی گەشتێکی زۆر خۆش و پڕ لە بیرەوەریمان بە سەر برد و لەگەڵ ژنان و پیاوانی ئەندامی ئەو گورووپە جوانەدا. هاوڕێ بوون لەگەڵ ئەو شاخەوانە بە هەست و ژینگەپارێزانەدا و بیستنی شێعر و گورانیی ئەو خۆشەویستانە لەو شوێنە بەرز و پڕ بۆن و بەرامەیدا و دیتنی دیمەنی ڕازاوە و لەبەردڵانی پیرەمەگروون و بازیان، ئەوەندەی دیکە ساڵح بێچاری لەلا خۆشەویست کردم. ئیتر لەو کاتەوە دڵمان دەستەملانی یەکتر بوون و هاوڕێیەتیی ئەو شاعیرە خاوەن هەستە بۆ من بوو بە شانازییەکی گەورە و ئەگەرچی لە یەک دوورین بەڵام دڵمان هەمیشە لە لای یەکە.
لەم ڕۆژانەدا کاک ساڵح دیوانی شێعرە پڕ لە هەست و سۆزەکانی بە هاوڕێیەکدا بۆ ناردم و ماوەی چەند ڕۆژ لە باخچۆڵەی پڕ گوڵ و خەیاڵ و پڕ بۆن و بەرامەی شێعرەکانیدا ژیام و چێژی ڕۆحیم لە زۆربەی شێعرەکانی ئەو دیوانە جوان و ڕازاوەیە وەرگرت. دڵە عاشقەکەی ساڵح بێچار شیلەی عەشقی لە پیت بە پیتی وشەکانی ئەو دیوانە ئاژین کردووە و خەرمانێک لە ئەوین و سۆز و ترپەی دڵ بوونەتە هەوێنی هەستە پاکەکەی. ئەگەر دەسەڵاتم هەبوایە هەموو کیژە فریشتەئاساکانم دەناردە ژوانی قەڵەمەکەی بۆ ئەوەی شیلە و هەڵاڵەی ژوانگەکانی ببنە شێعر و بیکاتە دیاری بۆ دنیای وێژە و ئەدەب.
خەیاڵ و هەستی ناسکی ساڵح بێچار کاتێک ڕۆح بەبەر وشەکاندا دەکات و دەیانکاتە پەپوولەی گوڵجاڕی شێعرەکانی، ئەوەندە جوان و ئێسک‌سووک و نەخشین دەبن بە لای هەستی هەر کەسێکدا باڵ لێبدەن و لە سەر پەلکی خەیاڵی هەر خوێنەرێک بنیشنەوە مۆچڕکی شیرینی ئەوین بە دڵ و جەستەیدا دەهێنن. شیعری ستیان لە لاپەڕەی 264ی دیوانەکەدا یەکێک لەو شێعرە جوان و ناسکانەیە:

چڵێک پەموو
دڵخۆش دڵخۆش
شاد و خەنی
زۆر پەلەی بوو
هەر لە خۆوە گەشەی دەکرد
بە دەم “با”وە پێدەکەنی
لەگەڵ ئاودا گەمەی دەکرد
گۆرانیی دەگوت بۆ زەوی
خەونی دیبوو
لۆکەکەی ئەو دەبووە ستیان
نەک گۆرەوی!
ساڵح بێچار شاعیری ڕۆژە و ژیانی بە ژیانی گەل و دڵی بە دڵی خەڵکەوە گرێداوە، لەگەڵ سۆز و عەشق و خەم و گریان و ئازارەکانی خەڵکدا دەژی. خەمی خەڵک خەمی ئەوە، عەشق و شادیی خەڵک عەشق و شادیی ئەوە. لە شیعری “گوڵی سوور”دا کە بۆ ڕۆژی ڤالانتاین نوسیویەتی، شێعرەکەی بۆتە زمانی کچ و کوڕانی نیشتمان و هەستی ئاوێتەی هەستیان دەکات و بە گژ نەیارانی عەشقدا دەچێت.ئەو نەیارە دڵ‌چڵکنانەی لە ڕەنگ و بۆنی عەشق دەترسن. بۆیە نووکی قەڵەمەکەی دەکا بە چاوی ئەو بوونەوەرە دڵڕەش و قێزەونانەدا:

گوڵم، ئەمڕۆ ڤالانتاینە و
ترس، شاری داگرتووە
وا جەندەرمەی شەرەفپارێز
کووچە و کۆڵانیان گرتووە!

دەروازەی پارک و باخچەکان
دوابەیەکیان داخراون
گوڵی سوور لە شاردا نییە و
گوڵفرۆشان بەند کراون

جانتای کچان دەپشکنن
نەک ماچی کوڕێکی تیابێ
بۆنی دەستی کوڕان دەکەن
نەک بە پرچێکدا هێنرابێ

(هاند)ی کچان سەیر دەکەن
لە گشت ناوەکان دەپرسن
سەیرە گوڵم، هێندەی تیرۆر
ئەوان لە عەشق دەترسن

ساڵح بێچار ناتوانێ لە هەمبەر ماعیرە قەڵەمفرۆش و جاشقەڵەمەکانیشدا بێدەنگ بێت و شیعری دەکاتە سیخورمە و لە خاڵیگەی ئەو تاقمە گوڵەبەڕۆژەئاسایەی دەکوتێ. چونکە کەسانێک هەن وەک گوڵەبەڕۆژە لەگەڵ ڕۆژ دەگەڕێن، بەڵام ئەوەش هەر بۆ ماوەیەکی کورتە و کاتێک گوڵ و خوڵامانەکەیان وشک دەبێ کە پەچەی سەر ڕوویانە، ڕووی ڕەشیان وەدیار دەکەوێ. لە شیعری “دەربار” دا چەپڵە لەو تاقمە دۆڕاوە دەتەقێنێ:

شاعیرۆکێکم پێشکدێت
نە لە سێحری شێعر دەگات
نە ماڵۆچکەی داهێنانیش پێدەزانێت
لە بازاڕی دەسەڵات و
لە تای تەرازووی “پوول”یشدا
هەتاکوو دێت سووکتر دەبێت
وەکوو “سۆل”ی پێش توالێت
هەر کەسێک بێت بۆ پێی دەبێت!

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

دکمه بازگشت به بالا